سەردانی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان بۆ پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ و هێڵی سێیەمی دوکان - سلێمانی - وێنە: ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان
شاندێک چوون
پڕۆژە ئاوەکەی گۆپتەپە گرفتی نەیەتەپێش ئەمساڵ تەواو دەبێ
ئەحمەد مستەفا
دوو پڕۆژەی ستراتیژیەکەی ئاو لە سلێمانی و چەمچەماڵ چووەتە قۆناغێکی پێشکەوتووەوە،ئەمە قسەی شاندێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆیە کە بە مەبەستی چاودێریکردن و خێراترکردنی کارەکان، هەردوو پڕۆژەکەیان بەسەر کردەوە.
ئەوانیش، هێڵی سێیەمی دوکان – سلێمانییە و پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ کە ئەمەیان بەڵێندراوە گرفت نەیەتە پیش تا کۆتایی ساڵ تەواو بکرێ.
گرفتی کەمئاوی ساڵانێکی زۆرە بەرۆکی بەشێکی بەرچاوی دانیشتووانی سلێمانی و چەمچەماڵی گرتووە، ئاوو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان دەڵێ، بە بڕیارێکی ستراتیژی و بە تەرخانکردنی 423 ملیۆن دۆلار لەسەر بودجەی پلاندانانی وەزارەتی شارەوانی، حکومەت دەیەوێت بۆ هەمیشە کۆتایی بەو “نەهامەتییە” بهێنێت و ئاوی پاکی خواردنەوە بباتە ماڵی هەموو هاووڵاتییەکەوە.
لە راگەیەندراوێکدا باس لەوەکراوە، پڕۆژەی ئاوی دوکان-سلێمانی 3، پڕۆژەیەکی ستراتیژییە و بڕی 423 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان کراوە بە مەبەستی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و کۆتاییهێنان بە قەیرانی ئاو لە شاری سلێمانی، ئێستادا پڕۆژەکە لە قۆناغی دیزاینکردن و دیاریکردنی ڕێڕەوی هێڵی گواستنەوەی ئاوە، هاوکات کارەکان بۆ دانانی کەمپ و دیاریکردنی شوێنی وێستگەکان و بەشی وەرگر و پاڵاوتن بەردەوامن.
شاندەکە سەردانی پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە-چەمچەماڵیان کرد کە یەکێکی دیکەیە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بڕی 78 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان کراوە، لەم پڕۆژەیەدا کە توانای دابینکردنی 3400 مەتر سێجا ئاوی هەیە لە یەک کاتژمێردا، تا ئێستا 37%ی کارەکانی بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کراوە و تەواو بووە، شاندەکە لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکار و تیمی سەرپەرشتیار کۆبوونەوە و بە وردی گفتوگۆیان لەسەر هەنگاوەکانی خێراترکردنی پڕۆژەکە و لایەنە تەکنیکییەکان کرد.
پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ لە چەندین بەشی گرنگ و پێشکەوتوو پێکدێت، لەوانە ڕاکێشانی 58 کیلۆمەتر بۆری، هێڵی گواستنەوەی کارەبای پاڵەپەستۆی بەرز، بەشی وەرگر، 3 وێستگەی ناوەندی، خەزانی سەرەکیی کۆگاکردنی ئاو لەگەڵ خەزانێکی گەورە لە ناوەڕاستی چەمچەماڵ و وێستگەیەکی مۆدێرنی پاڵاوتن، وەک مژدەیەک بۆ دانیشتووانی ناوچەکە، کۆمپانیای جێبەجێکار بەڵێنی داوە ئەگەر هیچ گرفتێکی دارایی نەیەتە پێشەوە، ئەوا تا کۆتایی ئەمساڵ کارەکانی پڕۆژەکە بە کۆتا دەگەیەنێت.
