بەهۆی کاکوتانەوە چاندنی بەرهەمە پایزییەکان لە رانیە دواکەوت
964+
مەجید بتوێنی – راپەڕین
ئەمساڵ بەڕێوەبەرایەتی بەگری شارستانی راپەڕین بۆ پاراستنی گەنمی جوتیاران، لە سوتان و کەمبونەوەی رووداوەکانی ئاگر کەوتنەوە بڕیایدا دوای 10 رۆژ لە تەواوبوونی وەرزی دروێنە، ئینجا جوتیاران دەتوانن قەسەڵەکانیان لەناو پەرێزەگەنمەکان لە رێگەی دەزگاکانی کاکوتەکانەوە بکوتن و بیکەن بە کا بۆ ئاژەڵەکانیان .
ئەم بڕیارە هەرچەند لە پێناو سەلامەتی گیانی جوتیاران و پاراستنی گەنمەکانیان بوو لەسووتان بەڵام بەشێک لە جوتیارانی نیگەران کردووە، چونکە درەنگ دەستیان دەگات بە کێڵانی پەرێزەکان و داچاندنی زەوییەکان بە بەرووبوومە پایزییەکانی وەک، کونجی ، ماش، گوڵەبەڕۆژە، برنج ولۆبیا.
سامان خدر، یەکێکە لەو جوتیارانە بە 964ـی وت، ”بەرووبوومە پایزییەکان دەبوایە ئێستا داچێندرایە دواکەوتنیان لەکاتی خۆیدا زیان بە چەندێتی بەرهەمەکە دەگەیەنێت، ئەوە جگە لەوەی بارانی لەناکاوی پایزە و هەورە تریشقە لەکاتی پێگەشتنی بەرووبوومەکە هەراسانیان دەکات.
عەلی قادر، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی راپەڕین بە 964ـی راگەیاند، لە پێناو سەلامەتی گەنم و گیانی هاوڵاتیان ئەو بڕیارەیانداوە و سوودی هەبووە لەکەمردنەوەی رووداوەکانی ئاگر کەوتنەوە بەهۆی دەزگای کاکوتەکانەوە.
“وەرزی دروێنە لەئیدارەی راپەڕین بەرەوکۆتاییە و سبەی جووتیاران دەتوانن قەسەڵی گەنم و جۆکانیان لەناو پەرێزەکان بکوتن و دەستبکەن بە کێڵان، لە وەرزی دروێنەی ئەمساڵ دەستگیراوە بەسەر چەند دەزگایەکی کاکوتان و کەلوپەلی جوتیاران کە سەرپێچی بریارەکەیان کردبوو” عەلی قادر وای وت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی