"بە خاڵبەندی نابێت"
دابەشکردنی زەوی فەرمانبەرانی کەلار ئەوەندەی نەماوە
میلاد جەلال_گەرمیان
لە سنووری شارەوانی کەلار تا ئێستا زەوی بەسەر فەرمانبەران دابەشنەکراوە، سەرۆکی شارەوانیش دەڵێت”رێکارەکان گەیشتونەتە کۆتایی لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا زەوی دابەش دەکەین”.
سامان رەحیم، سەرۆکی شارەوانی کەلار بە 964ى وت،”چەند کارێکی زۆر بچوک ماوە بۆ دابەشکردنی زەوی فەرمانبەران، لەچەند رۆژی داھاتوو دەستدەکەین بە وردبینی کردن و لە کاتێکی زۆر نزیکدا دەستدەکەین بە دابەشکردنی زەویەکان”.
“لە سنوری شارەوانی کەلار نزیکەی 17 ھەزار فەرمانبەر مافی وەرگرتنی زەویان ھەیە، ئەو جێگایەشی دیاریکراوە بەشێکی دەکەوێتە سەر رێگای گوندی سەید خەلیل نزیک شەقامی 60 مەتری، بەشەکەی دیکەش لە گوندی بەرلووتە لە نزیک سایلۆکە”،سامان رەحیم وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، فەرمانبەر لەژیانیدا یەکجار مافی وەرگرتنی زەوی ھەیە، بۆیە بەخاڵبەندی زەوی دابەش ناکەین و ھەموو ئەوانەی مافی وەرگرتنی زەویان ھەیە تیروپشکیان بۆدەکرێت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح