سێ خاڵی دیکەی بەدەستهێنا

دهۆک لە چوار پلەی پێشەوە نزیکبووەوە

964+
زەید کۆچەر-دهۆک

گەڕی 29ی خولی نایابی عێراق، یانەی دهۆک و یانەی سناعەی لە یاریگەی دهۆک بەیەکگەیاند و دهۆک یارییەکەی بردەوە و ژمارەی خاڵەکانی زیاترکرد.

یانەی میواندار هەر لەسەرەتاوە بەهێز دەرکەوت و لە خولەکی 10 دا بە گۆڵێکی یاریزان سیابەند عەگید پێشکەوت، هەرچەندە یانەی سناعە چەند مەترسییەکی بۆ سەر گۆڵی رکابەرەکەی دروست کرد، بەڵام گێمی یەکەم بەو تاکە گؤڵە کۆتایی پێهات.

هەر لە گێمی یەکەمدا یانەی دهۆک بێبەش بوو لە تواناکانی یاریزان ژیار گۆڤەند کە تووشی پێکان هات و بە ئامبوڵانس گواسترایەوە نەخۆشخانە.

یاریزانانی دهۆک گێمی دووەمیشیان بە گەرموگوڕییەکی زیاترەوە دەستپێکرد، بە کۆنترۆڵی تۆپ جڵەوی یارییەکەیان گرتە دەست و لە خولەکی

56 دا بە گۆڵێکی یاریزان زیاد ئەحمەد یارییەکەیان بۆ خۆیان یەکلا کردەوە.

سەرەڕای زیادکردنی چوار خولەک بۆ کاتی یارییەکە، ئەنجام وەک خۆی مایەوە و دهۆک بە 2-0 گۆڵ یارییەکەی بردەوە.

ئێستا دهۆک بە 44 خاڵ لە پلەی شەشەمە و سناعەش بە 23 خاڵ لە پلەی 19مدایە.

یانەی دهۆک ئێستا لەگەڵ یانەی تەڵەبە کە لە پلەی پێنجەمە، بە ژمارەی خاڵ یەکسانن.

پێداچوونەوە: بەهرە محەمەدئەمین