روونکردنەوەی بڵاوکردەوە
هاتوچۆی هەرێم: هیچ دامەزراوەیەک مافی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلی نییە
ئەحمەد مستەفا
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا، رەتیدەکاتەوە هەر رێکارێکی پەیوەندیدار بە پێدانی کۆد و تابلۆی ئەمنی بە ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتا و تۆمارنەکراوەکان، پەیوەندیی بە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆوە هەبێت.
بەپێی روونکردنەوەکە، تەنیا بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ دەسەڵاتی فەرمییان هەیە بۆ تۆمارکردنی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیل و پێدانی تابلۆ، لە چوارچێوەی یاسا و رێنماییەکانی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان.
وە باس لەوەدەکات، هیچ دامەزراوەیەکی دیکە مافی دانانی رێکاری تایبەت بە تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلی نییە، بەبێ رەچاوکردنی ناو و هۆکاری بەکارهاتوو.
هاتوچۆی هەرێمی کوردستان دەشڵێ، هەر ئۆتۆمبێلێک کە تابلۆی فەرمیی هەرێم، عێراق یان تابلۆی بیانیی فەرمی نەبێت، بە ئۆتۆمبێلی بێتابلۆ دادەنرێت و ئەگەر لەلایەن تیمەکانی پۆلیسی هاتوچۆوە ببینرێت، رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەبێتەوە.