خۆی سەلامەت دەرچوو

سەیارەی فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی لە خورماتوو گولـلەباران کرا

سیروان خورشید – خورماتوو

سەیارەی فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی لە سنووری خورماتوو گولـلەباران کرا، بەڵام خۆی سەلامەت دەرچوو و دەربازی بوو.

رووداوەکە ئەمڕۆ سێشەممە 20.10.2026 و لە نێوان قەزای خورماتوو – ئامرلی روویداوە، یوسف حەمید کارمەندی پۆلیس لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی خورماتوو بە964ـی وت، “ئەو چەکدارانەی هێرشیان کردووەتە سەر ئۆتۆمبێلی فەرماندەی لیوای 63ـی حەشدی شەعبی لە قەزاکە، سەر بە فەرماندەی پێشووی لیواکە بوون”.

ئاشکراشیکرد، ماوەیەکە گرژی لە نێوانیاندا هەبووە لەسەر ئەو پۆستە، ئەمڕۆ گرژییەکە تەشەنەی سەند و شەڕەتەقە دروستبوو، رووداوەکە تەنیا زیانی ماددی لێکەوتووەتەوە و ژمارەیەک چەک و کەرەستەی سەربازیش کە لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون، دیار نەماون و هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری