قۆناغى شەشەم

ئەمڕۆ 600 خێزانی سەرێ کانی دەگەڕێنەوە سەر ماڵەکانیان

وریا فەتاح

ئەمڕۆ چوارشەممە، نزیکەی 600 خێزانی ئاوارەی شاری سەرێ کانی، کە ئێستا لە کەمپی “نەورۆز” لە شاری دێرک نیشتەجێن، لە چوارچێوەی شەشەمین کاروانی گەڕانەوەدا دەچنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

روانگەى سوورى بۆ مافەکانى مرۆڤ بڵاوى کردەوە، لە دوێنێوە خێزانەکان لەنێو کەمپەکەدا سەرقاڵی پێچانی کەلوپەل و ئامادەکارین بۆ بەڕێکەوتن، ئەمەش وەک بەشێک لەو پرۆسەیەی بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ سەر زێدی خۆیان دەستی پێکردووە، لە کاتێکدا هێشتا سەدان خێزانی دیکە چاوەڕێی هاتنی نۆرەی خۆیان دەکەن.

ئەمە شەشەم کاروانە، پێشتر و لە 13ـی ئەم مانگەشدا، پێنجەمین کاروان بە بەشداریی 385 خێزان بەرەو گوندەوارەکانی سەرێ کانی، تل تەمر و زرگان بەڕێکەوتبوو.

مێژووی ئاوارەبوونی هەزاران خێزانی سەرێ کانی و دەوروبەری، دەگەڕێتەوە بۆ تشرینی یەکەمی 2019، دوای ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لەو وڵاتە ئەنجامیاندا، بەو هۆیەوە هەزاران کەس پەنایان بۆ کەمپەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا برد و ساڵانێکی پڕ لە مەینەتی و سەختیی ژیانیان لەژێر خێمەکاندا بەڕێکرد.

لەلایەکی دیکەوە، روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ داوا دەکات پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکان “ئارەزوومەندانە، سەلامەت و پارێزراو” بێت؛ هاوکات جەخت لە پاراستنی ماڵ و موڵکی هاوڵاتییان و دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان دەکاتەوە، تاوەکو خێزانەکان جارێکی دیکە ناچار بە کۆچ و ئاوارەیی نەبنەوە.