منداڵەکانی برد بۆ قوتابخانە و هۆشی نەما

چیرۆکى گیانلەدەستدانى مامۆستایەکى ناسراوى هەولێر

964+
ئەحمەد شەمزین- هەولێر

مامۆستا عیرفان سابیر، یەکێک لە مامۆستا هەرە بەناوبانگەکانی وانەی ئینگلیزی بۆ پۆلی 12 لە هەولێر و شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، بەهۆی نەخۆشییەکەوە کۆچی دوایی کرد و مەرگەکەی خەمێکی گەورەی خستە دڵی هەزاران قوتابییەوە کە رۆژێک لە رۆژان وانەیان لای خوێندووە.

هاوکار گەردی، کە هەم خزم و هەم هاوڕێی منداڵیی مامۆستای کۆچکردووە، چیرۆکی نەخۆشکەوتنی مامۆستا عیرفانی بۆ 964 گێڕایەوە و وتی: “3 ساڵ پێش ئێستا مامۆستا چوو بۆ عومرە، دوای گەڕانەوەی ڤایرۆسێک چووبووە ناو مێشکی. دوای 1 ساڵ پشکنینی کرد و دەرکەوت ڤایرۆسەکە وایکردووە سەری ئاو بکات. ساڵێک پێش ئێستاش پزیشکەکان تەنیا 6 مانگیان بۆ دانا کە لە ژیاندا دەمێنێت، بەڵام ئەو بەرگەی زیاتری گرت.”
هاوکار باسی لەوەش کرد کە تا 2 هەفتە پێش ئێستا دۆخی تەندروستی مامۆستا زۆر جێگیر بووە، بەڵام رووداوە کتوپڕەکە 2 رۆژ پێش ئێستا روویدا، کاتێک وتی، “منداڵەکانی برد بۆ قوتابخانە، کە گەڕایەوە ماڵەوە هۆشی نەما. دەستبەجێ گەیاندمانە نەخۆشخانە و پزیشکەکان 72 کاتژمێریان بۆ دانا، بەڵام کاتەکەی تەواو نەکرد و گیانی لەدەستدا. دواتر پزیشکەکان پێیان وتین کە جەڵتەی مێشک و دڵ لێیداوە.”
مەرگی کتوپڕی مامۆستا عیرفان سابیر کاردانەوەی زۆری لە سۆشیاڵ میدیا لێکەوتەوە. زۆربەی قوتابییەکانی بە خەمبارییەوە وێنەکانی بڵاودەکەنەوە و وەک “بلیمەت”ی وانەی ئینگلیزی ناوی دەبەن.
هاوکات، پەیجی ئامادەیی ژیاری ناحکومی، کە مامۆستاکە تێیدا وانەبێژ بوو، لە پەیامێکدا بۆ کۆچی دوایی مامۆستا عیرفان نووسیویەتی، “ئەو تەنیا مامۆستایەکی باش نەبوو، بەڵکو هاوڕێیەکی نزیکی قوتابییەکانی بوو.”
پێداچوونەوە: وریا فەتاح