بۆچی؟

عێراق باجی گومرگی لەسەر سیستەمی وزەی خۆر هەڵگرت

ئەحمەد مستەفا

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمشەویدا، رەزامەندی لەسەر هەڵگرتنی باجی گومرگی لەسەر سیستەمەکانی وزەی خۆری هاوردەکراو بۆ عێراق دەربڕی.

ئەم بڕیارە بە ئامانجی پاڵپشتیکردنی کەرتی تایبەت و هاندانی هاووڵاتیانە بۆ بەکارهێنانی سیستەمەکانی وزەی خۆر وەردەگیرێت.

بڕیارەکە لە کۆبوونەوە ئەمشەوی 20.10.2026ی ئەنجومەنی وەزیران دراوە، بەپێی ئەم هەنگاوە، هەڵگرتنی باجی گومرگی لەسەر ئەم سیستەمانە دەتوانێت کاریگەری لەسەر تێچووی هاوردەکردنیان هەبێت و رێگە بۆ فراوانترکردنی بەکارهێنانی وزەی خۆر لە عێراق خۆش بکات.

پێشتر، رێژەی باجی گومرگی لەسەر کەلوپەلەکانی سیستمی خۆر نزیکەی 33%، دواتر کەمکرایەوە بۆ 5%، ئێستا ئەو بڕەش لابراوە، ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ پشتگیریکردنی وەبەرهێنان لە بواری وزەی نوێبووەوە و هاندانی هاوڵاتییان بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە سەرچاوەکانی دیکەی وزە.

بەڵام، کاریگەریی راستەوخۆی بڕیارەکە لەسەر نرخەکانی فرۆشتن و تێچووی دامەزراندنی سیستەمەکانی وزەی خۆر، پەیوەستە بە جێبەجێکردنی بڕیارەکە و چۆنیەتی گواستنەوەی کەمبوونەوەی تێچووەکان بۆ کڕیاران.