بەغدا ئیشی بۆ دەکا

پلان بۆ دامەزراندنی کارگەی ریسایکڵکردنی پاتری بەکارهاتوو دادەڕێژرێت

ئەحمەد مستەفا

ئامانەی بەغدا پلانی دامەزراندنی کارگەیەک بۆ ریسایکڵکردن و نوێکردنەوەی پاترییە بەکارهاتووەکان بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان راگەیاند، هەروەها کار لەسەر پڕۆژەیەکی دیکە دەکات بۆ بەرهەمهێنانی تۆڕەکانی باران و قەپاغی مەنهۆڵەکانی ئاوەڕۆ.

رائید عەبد عەلی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی یەکە بەرهەمهێنەرەکان لە ئامانەی بەغدا، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی وتووە، پڕۆژەی پاتری بە هەماهەنگی لەگەڵ کارگەیەکی پێشەنگی ئەم بوارە لە دەرەوەی وڵات جێبەجێ دەکرێت، بە مەبەستی سوودوەرگرتن لە پاترییە کۆنەکان و بەرهەمهێنانی پاتریی نوێ.

ئەو دەڵێ، ئامانەکە لە رێگەی هاوکاری لەگەڵ شارەوانییەکانی غازی عەنتاب، تاران و مەشهەد، سوودی لە ئەزموون و پڕۆژەکانی ئەوان وەرگرتووە.

هەروەها، پلانی دروستکردنی کارگەیەک بۆ داڕشتنی ئاسنی سوتوو لە بەرنامەکانی داهاتوودایە، بۆ بەرهەمهێنانی تۆڕەکانی باران و قەپاغی مەنهۆڵەکانی ئاوەڕۆ بە قەبارە و شێوەی جیاواز.