ئاسانکاری بۆ وه‌به‌رهێنه‌رانى یۆنانى ده‌كرێت بێنه‌ هه‌رێم

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

بۆ پەرەپێدانی کاری بازرگانی لە نێوان کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان و یۆنان و هاتنى وه‌به‌رهێنه‌رى ئه‌و وڵاته‌ بۆ هه‌رێم، ئاسانكاری ده‌كرێت.

به‌ پێی راگه‌ندراوێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى تۆمارى كۆمپانیاكانى هه‌رێم، بەڕێوەبەری گشتیی تۆمار و کونسوڵی بازرگانی یۆنان لە هەولێر کۆبوونەوە و لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن.

له‌و راگه‌یه‌ندراوه‌دا هاتووه‌، بە مەبەستی هەماهەنگی لە نێوان هەردوولا بۆ پاڵپشتیکردنی کەرتی تایبەت و دۆزینەوەی میکانزمێکی گونجاو لە پێناو پەرەپێدانی پەیوەندیی کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان و یۆنان، بۆ پێشخستنی کاری بازرگانی و رەخساندنی هەلی بەیەکگەیاندنی کۆمپانیاکان و کارە بازرگانییەکان لە نێوان هەردوولا، له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێك رێككه‌وتن.

به‌ پێی رێككه‌وتنى نێوان هه‌ردوولا، پێدانی زانیاری و پشتراستکردنەوەی بەڵگەنامەی کۆمپانیاکان لە نێوان هەردوولا، بە مەبەستی خێرا راپەراندنی گرێبەستە بازرگانییەکانی کۆمپانیاکان.

ئه‌وه‌ش هاتووه‌، ئه‌وكۆمپانیا یۆنانیانه‌ى ده‌یانه‌وێت له‌ هه‌رێم وه‌به‌رهێنان بكه‌ن، زانیاری ته‌واویان له‌سه‌ر کۆمپانیا هاوشێوەکانیان لە کوردستان پێبدرێت بە مەبەستی کاری هاوبەشی بازرگانی و بە پێچەوانەشەوە.

ئاسانکاریش ده‌كرێت بۆ کردنەوەی لقی کۆمپانیاكانی یۆنان لە هەرێمی کوردستان یان دامەزراندنی کۆمپانیا لە هەرێمی کوردستان.