"زوڵم و ستەمم لێکرا"
عەبدولـلەتیف سەلەفی: بریارەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا هیچ قیمەتێکی نییە
شۆڕش قادری
عەبدولـلەتیف سەلەفی دەڵێت، بڕیارەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ دوورخستنەوەی هیچ بەهایەکی نییە و سکاڵاش لە دادگا تۆمار دەکات.
دوای ئەوەی ئەمڕۆ وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم بڕیاریدا بە دوورخستنەوەی عەبدولـلەتیف ئەحمەد لە کۆلیجی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سلێمانی، عەبدولـلەتیف پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و دەڵێت، “ئەم بڕیار دەرکردنە بۆ ئەوە بووە کە فشار لە سەرخۆیان لاببەن، بەڵام ئەم بڕیارە لای من هیچ نرخ و قیمەتێکی نییە و کاریگەری لەسەرم نابێ”.
“هەر لە یەکەم رۆژەوە نامەم بۆ لایەنی پەیوەندیدار و وەزیری خوێندنی باڵا نارد کە ئەمە پیلانێک و دەستێکی چەپەڵە بۆ ناشیرینکردنی من و مامۆستای ئایینی و کۆلێجی زانستە ئیسلامییەکان و هەموو زانکۆ، تکایە رێگری لێ بکەن”، عەبدولـلەتیف وادەڵێت.
ئاماژە بەوەش دەکات کە تانە لە بڕیارەکە دەدات و دەیهەوێ کەیسەکە ببرێتە دادگا، سکاڵای دژی باندێکیش تۆمار کردووە.
هەر لە پەیامەکەیدا عەبدوللەتیف سەلەفی سوێند بە قورئان دەخوات و دەڵێت، “سوێند بەم قورئانە کارێکی ناڕەوا کرا بەرامبەرم و زوڵم و ستەمیان لێمکرد”.
عەبدولـلەتیف ئەحمەد مامۆستای زانکۆ و رێبەری سەلەفییەکانی کوردستانە، ماوەی چەند رۆژێکە کۆمەڵێک دەنگ لەسەر “پەیوەندی سۆزداری عەبدولـلەتیف لەگەڵ کچە خوێندکارەکانی” لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە کە تا ئێستا 964 نەیتوانیوە ئەو بابەتە پشتڕاست یان رەتبکاتەوە، بەڵام ئەمڕۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا هەر لەسەر بابەتە بڕیاریدا بە دوورخستنەوەی عەبدولـلەتیف ئەحمەد لە کۆلێجى زانستە ئیسلامییەکانى زانکۆى سلێمانى.
بریارەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم لە خوارەوە دانراوە؛