داوایەک لە بەسڕەوە

داوا لە زەیدی دەکرێ قسەی لەسەر شەپۆلی سەر چالاکوانان هەبێ

ئەحمەد مستەفا

ئاژانسی هەواڵی عێراقی بڵاوی کردەوە، ناوەندی عێراق بۆ مافەکانی مرۆڤ داوایەکی بەپەلەی ئاڕاستەی سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە، و دەیەوێ بەپەلە و بەشێوەیەکی راستەوخۆ دەست لە دۆسییەکانی پارێزگای بەسرە وەربدات.

ئەم داواکارییەش دوای ئەوە دێت کە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بەهۆی ئاشکراکردنی کەموکوڕی و پێشێلکارییەکان، رووبەڕووی فشار و شەپۆلێک لە داوای یاسایی بوونەتەوه‌.

عەلی عەبادی، سەرۆکی ناوەندی عێراق بۆ مافەکانی مرۆڤ لە لێدوانێکدا ئەمڕۆ چوارشەممە 1.7.2026، به‌ میدیای عێراقی وتووە، بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی بەسرە سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمار کردووە، تەنیا لەبەر ئەوەی کەموکوڕییەکانی ئەو دامەزراوەیەی ئاشکرا کردووە.

عەبادی جەختی لەوەش کردەوە کە سەرەڕای ئەوەی ئەنجومەنی پارێزگا چەند مانگێکە بڕیاری دەرکردنی بەڕێوەبەری تەندروستی داوە، بەڵام بڕیارەکە تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە.

سەرۆکی ناوەندی عێراق بۆ مافەکانی مرۆڤ داواش لە سەرۆک وەزیران ده‌كات دۆسییە هەڵپەسێردراوەکانی بەسرە، بەتایبەتی دۆسیەی تەندروستی بکاتەوە، هەروەها پاراستنی یاسایی بۆ چالاکوانان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دابین بکات، چونکە نەبوونی پاڵپشتی بۆ چاودێری کۆمەڵگای مەدەنی، دەبێتە هۆی لاوازبوونی پاراستنی مافی هاووڵاتییان.