هێشتا نەیتوانیوە زاخۆ تێرئاو بکات

15 ساڵە رووباری خابوور ئاوی وەک ئەمساڵی بەخۆیەوە نەبینیوە

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

15 ساڵە رووباری خابوور ئاوی وەک ئەمساڵی بەخۆیەوە نەبینیوە، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە زاخۆ تێرئاو بکات.

سەرەڕای بارانە زۆرەکەی ئەمساڵ کە لە قەزای باتیفا هەزار ملمی تێپەڕاند و لە زاخۆش زیاتر لە 830 ملم باران باری، بەڵام قەیرانی ئاوی ژێرزەوی هێشتا بە تەواوی لەو دەڤەرە چارەسەر نەبووە.

وشکەساڵییەکەی ساڵی رابردوو و زیادەڕۆیی لە دەرهێنانی ئاو لە رێگەی بیرە ئیرتیوازییەکانەوە، زیانێکی گەورەی بە سەرچاوە ئاوییەکانی ناوچەکە گەیاندووە و زەوییەکە هێشتا تینووی قەرەبووکردنەوەیە.

لە لایەکی دیکەوە، خابووری زاخۆ لە یەکەم رۆژی هاویندا دۆخێکی باشتر بەخۆیەوە دەبینێت و ئاستی ئاوەکەی گەیشتووەتە 3 مەتر و 60 سانتیمەتر.

ئەم رێژەیەش بەراورد بە هەمان رۆژی ساڵی رابردوو زیادبوونێکی بەرچاو نیشان دەدات، کاتێک ئاستی ئاوەکە تەنیا مەترێک و 40 سانتیم بوو، واتە جیاوازییەکە دوو مەتر و 20 سانتیمەترە و ئەم بەرزبوونەوە لەوەرزی هاویندا لە 15 ساڵی رابردوو بێوێنەیە.

محەمەد یاسین، بەرێوەبەری سەرچاوەکانی ئاوی ژێرزەوی لە زاخۆ بە 964ـی وت، “ئێستا ئاستی ئاوی ژێرزەوی گەیشتووەتە 12 مەتر، بەڵام دەبێت لە 25 مەتر تێپەڕبێت تاوەکو بگاتە ئەو ئاستەی کە پێویستە، بۆ گەیشتن بە هاوسەنگییەکی تەواو، دەبێت ساڵی داهاتووش وەک ئەمساڵ باران لە ناوچەکەمان ببارێت، ئینجا پێشبینی دەکەم بگاتە ئەو ئاستە.”

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری