پۆلیس دۆزییەوە و دەستگیری کرد

ساڵنامەی ئۆتۆمبێلێکی ساختەکرد بۆ ئەوەی 7000 دۆلاری پێوەرگرێ

شۆڕش قادری

لە سۆران ساختەچییەک ساڵنامەیەکی ئۆتۆمبێلی بەفێڵ کرد بەناو خۆیەوە بۆ ئەوەی حەوت هەزار دۆلاری پێ وەرگرێ، فێعلەکەی بۆ نەچووەسەر و قۆڵبەست کرا.

وەک پۆلیسی سۆران لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرایکردووە، “کەسێک هەستاوە بە دەستکاریکردن و ساختەکردنی ساڵنامەی ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا کۆرۆلا کە بەناوی خۆیەوە نەبووە، بەمەبەستی ئەوەی خۆی وەک خاوەنی فەرمی ئۆتۆمبێلەکە نیشان بدات، دواتر بە واتسئەپ وێنەی ساڵنامە ساختەکەی بۆ کەسی بەرامبەری ناردووە، بە مەبەستی ئەوەی ئۆتۆمبێلەکەی لەلای دابنێت بە رەهن و بڕی حەوت هەزار دۆلاری بە فێڵ لێ وەربگرێت”.

دوای کۆکردنەوەی زانیاری و وردبینی، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە، مەفرەزەکانی پۆلیسی سۆران توانیویانە تۆمەتبارەکە دەستگیربکەن و دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەشدا بگرن.

لە کاتی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا، تۆمەتبارەکە بە روونی دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و وتوویەتی بە مەبەستی فێڵکردن و وەرگرتنی پارە ساڵنامەکەی ساختە کردووە.

لە ئێستادا تۆمەتبار بەپێی ماددەی 456 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.