ئۆتۆمبێلێک بە چوار ملیۆن دۆلاری قاچاخەوە دەستی بەسەرداگیرا
لەپێناو رەتکردنەوەی بەرتیل کارمەندێکی بازگەی خورماتوو خەڵات کرا
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
وادیارە هەڵمەتەکەی عەلی زەیدی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ئیشی خۆی کردووە، ئەوەتا کارمەندێکی خاڵێکی پشکنین لە باشووری خورماتوو، بەرامبەر رێگەپێدان بە ئۆتۆمبێلێکی هەڵگری چوار ملیۆن دۆلاری قاچاخ، دەفتەرێک دۆلاری وەک بەرتیل رەتکردووەتەوە، وەزارەتی ناوخۆ و سەرۆک وەزیران بە ئیشەکەیان زانی و خەڵاتیان کرد.
رووداوەکە بەم شێوەیەی بووە؛ درەنگانی شەوی رابردوو ئۆتۆمبێلێک بەنیازبووە بازگەی باشووری خورماتوو لەسەر رێگای سەرەکی کەرکوک – بەغدا تێپەڕێنێت، دوای پشکنینی ئۆتۆمبێلەکە دەرکەوتووە بڕی چوار ملیۆن دۆلاری قاچاخی تێدایە، شۆفێرەکە هەوڵی زۆری داوە کارمەندی بازگەکە بە پێدانی پارە رازی بکات، بەڵام داواکەی رەتکراوەتەوە و یەکسەر دەستبەسەر ئۆتۆمبێلەکە و پارەکەدا گیراوە.
عەمید بەدر فەحەل بەڕێوەبەری پۆلیسی گشتی خورماتوو بە 964ـی وت، “شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە تەقەلای زۆری کردبوو بە دەفتەرێک دۆلار (10000$) رزگاری ببێ و دەمی کارمەندەکانمان شیرین بکات، بەڵام سەهووی کرد و لە شوێنێکی خراپ تێکەوت”.
“بەرامبەر ئەو هەڵوێستەی، ئەمڕۆ کارمەندەکەمان لەلایەن بریکاری وەزیری ناوخۆوە پێشوازی لێکرا و خەڵاتی دارایی پێشکەش کرا، هاوکات لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقیشەوە رێزلێنانی تایبەتی پێبەخشرا”، عەمید بەدر فەحەل وای وت.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری