دۆسییەکەی لە دادگای کەرخ بووە

بەڕێوەبەرێکی باجی عێراق و هاوژینی بە 10 ساڵ زیندانی سزادران

ئەحمەد مستەفا

دادگای تاوانەكانی ناوەندی کەرخ بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، ئەمڕۆ چوارشەممە 1.7.2026، سزای 10 ساڵ زیندانی بۆ بەڕێوەبەری گشتی پێشووتری دەستەی گشتی باجەکان و هاوسەرەکەی دەرکرد.

ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، دادگای تاوانەكانی ناوەندی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، سزای 10ساڵ زیندانی بۆ بەڕێوەبەری گشتی پێشووتری دەستەی گشتی باجەکان دەرکرد،

هەروەها سزای پێنج ساڵ و یەک مانگ زیندانی بۆ هاوسەرەکەی دەرکرد کە وەک فەرمانبەر لە یەکێک لە بانکە ئەهلییەکانی بەغداد کار دەکات، بەهۆی تاوانی سپیکردنەوەی پارەوە.

دادگاکە دەڵێ، تاوانباران هەستاون بە خاوەندارێتی و بەدەستهێنانی پارە بە شێوازێکی نایاسایی، و بەکارهێنانی لە کڕینی خانوبەرەدا، و بڕیارەکانیش بەپشتبەستن بە ماددەی 36و بە بەڵگەی ماددەی 2/ یەکەم و دووەم و سێیەم لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و دابینکردنی دارایی تیرۆر ژمارە 39ی ساڵی 2015ی هەموارکراو، و بە بەڵگەی ماددەکانی 47و 48و 49لە یاسای سزاداندا دەرکراون.