لە مانگێکدا 80 کەشتی گەیشتوونەتە ئوم قەسر

دوای لێکنزیکبوونەوەی ئێران و ئەمریکا بەندەرەکانی عێراق ئاوەدان بوونەتەوە

964+

شۆڕش قادری

دوای لێکنزیکبوونەوەی ئێران و ئەمریکا بۆ گەیشتن بە رێککەوتن، بەندەرەکانی عێراق ئاوەدان بوونەتەوە و هاموشۆی کەشتییەکان دەستیپێکردووەتەوە، بۆ نموونە لە بەندەری ئوم قەسرـی پارێزگای بەسڕە، تەنیا لە یەک مانگدا 80 کەشتی چوونەتە بەندەرەکە.

لە راگەیەنراوێکدا کە کۆپییەکی دەست بەشی عەرەبی 964 کەوتووە، ئەندازیار محەمەد تاهر، بەڕێوەبەری بەندەری ئوم قەسر بە وەکالەت دەڵێت، کەشتیەکان لە گەرووی هورمزەوە دەستیان بە چوونە ناو بەندەرەکە کردووەتەوە، لە یەک مانگی رابردوودا 80 کەشتی هاتوون، لەکاتێکدا مانگی پێشووتر 66 کەشتی وەرگرتووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، چوونی کەشتییەکان لە چینەوە راستەوخۆ بۆ بەندەری ئوم قەسر دەستیپێکردووەتەوە، کەشتییەک گەیشتووە و پێشبینی دەکەن لە رۆژانی داهاتووشدا سێ کەشتی دیکە لەو وڵاتەوە بگەنە بەندەرەکە.

محەمەد تاهر راشیگەیاندووە، لە ئێستادا کەشتییەکان لە شوێنە جیاوازەکانەوە بەرەو بەندەرەی ئوم قەسەر دەڕۆن، وەک بەندەری جەبەل عەلی لە ئیمارات، بەندەرەکانی قەتەر و سعودیە لە رێگای کەنداوی عەرەبەوە، هەروەها هێڵی نێودەوڵەتی راستەوخۆ لە رێگەی گەرووی هورمزەوە، ئەوەش ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە بەندەرکە بەرز دەکاتەوە.