"شەڕ دەکەم و دیپلۆماسیش"

قالیباف: رێگە نادەین چاودێران سەردانی بنکە ئەتۆمییە بۆردومانکراوەکان بکەن

شۆڕش قادری

محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی تیمی دانوستانکاری ئێران دەڵێت، رێگە بە چاودێرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم نادەن سەردانی بنکە ئەتۆمییە بۆردومانکراوەکان بکەن.

قالیباف لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، “بابەتی رێگەپێدان بە چاودێرانی ئاژانسی نێوەدەوڵەتی وزەی ئەتۆم بۆ بینینی ئەو وێستگانەی بۆردومانکراون، دوورە لە راستییەوە، لە ئێستادا ئەوان دەتوانن تەنیا دوو شوێن ببینن، یەکێکیان وێستگەی ئەتۆمی بوشەهرە و ئەوەی دیکەشیان تارانە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی یاسا دیاریکردنی ئاستی دەستپێگەیشتن بە ناوەندە ئەتۆمییەکان، لەئەستۆ ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێرانە و هەر ئەویش چوارچێوەکەی دیاری کردووە.

قالیباف راشیگەیاند، “کەسانێک هەن کە نە لە دیپلۆماسیدا و نە لە شەڕدا هاوکاری وڵاتەکەمان ناکەن، بەڵام من وەستاوم بۆ ئەوەی هەم شەڕ بکەم، هەمیش دیپلۆماسی ئەنجام بدەم”.

ئەو کاربەدەستەی ئێران ئاشکراشیکرد، دەیهەوێ سەردانی وڵاتی چین بکات بۆ ئەوەی پەرە بە پەیوەندییە ستراتیژییەکانیان بدات.