رێگرتن لە بارهەڵگرەکان 13 رۆژی تێپەڕاند
964+
فەرمان سادق
داخستنی رێگا بە رووی بارهەڵگرەکان لە سماقوڵییەوە تاوەکو سەکتان 11 رۆژی تێپەڕاند، لەگەڵ ئەوەی رێگای هەولێر-کەرکوک بۆیان کراوەیە بەڵام هێشتا بەشێک لەو بارهەڵگرانە نایانەوێت بە کەرکوک تێپەڕن.
ئەمڕۆ 10.5.2023 یازەدەمین رۆژە رێگای بالیسان، کۆیە، سماقوڵی، دۆڵی هیران، نازەنین و سماقوڵی بە رووی بارهەڵگرەکان داخراوە.
بەردەوامی داخرانی ئەو رێگایە لە کاتێکدایە دوێنێ سێشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا یەکێک لە دانیشتووانی گوندی سماقوڵی جەختی لە بەردەوامیدان بە گرتنی رێگا بە رووی بارهەڵگران دا، ئەوەشی خستەڕوو کە لەمەبەولا ئۆتۆمبێلی ساڵۆن دەتوانن بەو رێگایەدا تێپەڕن جگە لە بارهەڵگر نەبێت.
دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن دوێنێ سێشەممە سەردانی رێگای سماقوڵی کرد و لەگەڵ خەڵکی گوندەکە کۆبووەوە و بەڵێنی پێدان کە رێگاکەیان بۆ نۆژەن دەکەنەوە.
ئەوەشی خستەڕوو کە بە هاوکاریی وەزارەتی ناوخۆ و قایمقامیتەکان لەمەبەدوا بارهەڵگرەکان زیاتر لە رێگای کەرکووک-پردێ هاتوچۆ دەکەن و بارە بازرگانییەکانیان دەگوازنەوە.
هاوکات یەکێک لە دانیشتووانی گوندەکە لە کۆنگرەکە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند، رێگاماندا بە کردنەوەی رێگا بە رووی ئۆتۆمبێلی ئاسایی جگە لە بارهەڵگرەکان نەبێت.
13 رۆژە رێگای سماقوڵی، هیران و کۆیە بۆ شاری هەولێر بە رووی بارهەڵگرەکاندا داخراوە، تاکە بژاردەی بارهەڵگرەکان رێگای بالیسان بوو کە ئەویش زیاتر لە هەفتەیەکە داخراوە.
رێبین بالیسانی، سەرپەرشتیاری خۆپیشاندانی بالیسان بە 964 وت”لە ئێستادا هیچ ئەگەرێک نییە کە ئێمە رێگاکە بکەینەوە، خۆپیشاندان بەردەوامی دەبێت و تا ئێستا کەس بە دەم داواکاری ئێمە نەهاتوە”.
رێگای بالیسان شکارتە، لە کۆتایی سالی رابردوو بەشێکی رێگاکە هەڵکندراوە بەڵام بە هۆکاری نەبوونی بودجە کارکردن تێیدا وەستاوە.
مەریوان حەسەن، سەرپەرشتیاری خۆپیشاندانەکەی کۆیە بە 964ـی وت، بەهۆی کرانەوەی رێگای هەولێر- کەرکوک بە رووی بارهەڵگرەکان بۆ ماوەی هەفتەیەک رێگاگرتنمان بە رووی بارهەڵگرەکان هەڵپەساردووە، چاوەڕێی جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی حکومەت دەکەین.
دەشڵێت: بەراورد بە پێشتر ئێستا بارهەڵگری کەمتر لێرەوە تێدەپەڕن، ئەوانەشی ئەو رێگایە بەکار دەهێنن زیاتر ئەو بارهەڵگرانەن کە نەوتی رەشیان بار کردووە.
پێچەوانەی رێگای کۆیە، هێشتا رێگای هیزۆپ- هیران بە رووی بارهەڵگرەکان نەکراوەتەوە.
ئارام ئەحمەد، ئەنجومەنی گوندی کاموسەک بە 964ـی وت، تاوەکو ئێستا ئەو رێگایە داخراوە و هیچ ئەگەرێکیش نییە بیکەینەوە.
رێگای هیزۆپ-هیران، یەکێکە لە رێگا ستراتیژەکان کە بارهەڵگرەکان لە دهۆکەوە بە ئاکرێ تێدەپەڕن و لە سنووری ناحیەی سەکتانی سەر بە قەزای کۆیە تێدەپەڕن بەرەو سنووری ئیدارەی راپەڕین و پارێزگای سلێمانی.