"لە 100 کیلۆ 15 کیلۆی زەیتە"

زه‌یتوونی ئیسپانی شوێنی به‌ زه‌یتوونه‌كانی كۆیه‌ له‌ق كردووه‌

دەریا ئەحمەد _ کۆیە

فەرەیدون عەزیز جوتیارێکی سنووری کۆیەیە، کە جۆرێکی جیاوازی زەیتوونی هەیە، کە تەنیا دوای سێ ساڵ لە چاندنی، بەرێکی زۆر دەدات و وەک خۆی دەڵێت،” لە 100 کیلۆ زەیتون، 15 کیلۆ زەیت دروست دەبێت”.

فەرەیدون عەزیز بە 964ـی وت، ساڵی 2009 ئەم داری زەیتوونەمان لە ئیسپانیاوە بۆ هات، کە باشترین جۆری زەیتوونە و لەدوای سێ ساڵ لە ناشتنی بەرهەمێکی زۆری هەیە، کە هەم بۆ خۆشکردن و هەم بۆ زەیتیش گونجاوە، بەڵام بەهۆی گرانیی نرخی زەیتەوە کەمتر بۆ خۆشکردن بەکاردێت، ئەمەش زۆر جیاوازە لەو زەیتوونەی کە جوتیاران بەناوی زەیتوونی خۆماڵی پشتیان پێ بەستووە، کە تا دوای 10 ساڵ لە ناشتنی بەرهەمی نابێ”.

“. ئەم جۆرە لە 100 کیلۆ زەیتون 15 کیلۆ زەیتی لێ دروست دەبێت بەراورد بە خۆماڵییه‌کە زۆر باشترە، کە ئەویان کەمتر لە 5 کیلۆ زەیت دەدات له‌ 100 كیلۆدا”، فەرەیدون عەزیز وتی.

هه‌روه‌ها زانیاریی ئه‌وه‌ی دا، ئەم جۆرە زەیتوونە نرخی نەمامەکەی لە دەرەوەی وڵات سەروو 30 دۆلارە بەڵام ئه‌وان نەمامیشمان لێگرتووە و بە نرخێکی زۆر هەرزانتر دەیفرۆشن.

ده‌شڵێت: جوتیارانی خۆشمان ئێستا تێگەیشتوون ئەم جۆرە باشترە و دێن نەمامەکەی لای ئێمە دەکڕن.

ئەم جوتیارەی سنووری کۆیە خاوەنی گەورەترین باخی زەیتوونە لە سنوورەکەی خۆی، کە لە 13 دۆنم زەویدا زیاتر لە هەزار داری زەیتوونی لە نزیکەی 20 جۆری جیاواز چاندووه‌، بەشی هەرە زۆریشی ئەو جۆرەیە کە به زەیتوونی ئیسپانی ناسراوە و وه‌ک خۆی دەڵێت، باشترین جۆری زەیتوونە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا