ئایا رۆژانی جەژن نەخۆشخانەکان کراوە دەبن؟

+964
كوردستان ئەحمەد

وەزیری تەندروستی دەڵێت، سەرجەم نەخۆشخانە حکومییەکان لە جەژندا کراوە دەبن و بەردەوام دەبن لە پێشوازیکردن لە نەخۆشەکان.

شەوی پێنجشەممە، 20.4.2023، وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی هاوڵاتیان دڵنیادەکاتەوە کە لە رۆژانی جەژندا نەخۆشخانەکان کراوە دەبن.

دەقی راگەیەنراوەكە:

بەبۆنەی هاتنی جەژنی رەمەزانی پیرۆز، گەرمترین پیرۆزبایی لە خوشک و برایانی موسڵمان لە کوردستان و عێراق و جیهان بەگشتی و پزیشكان و كارمەندان وفەرمانبەرانی دامودەزگاکانی تەندروستی بەتایبەتی دەکەین. خوای گەورە رۆژو و تاعەتی هەموولایەك قبوڵ بكات. پیرۆزبایی جەژن لە خانەوادەی سەربەرزیشەهیدان و ئەنفالكراوان و پێشمەرگە قارەمانەكان و كەسوكاریان دەكەین، هیوای بەختەوەری و ژیانی ئاسودەیان بۆ دەخوازین.
جەژن پەیامی لێبووردەیی و ئاشتەوایی و خێروبەرەكەت و خۆشی و شادیە بۆ گشت مرۆڤایەتی و موسڵمانان، رێچکەی نوێبوونەوە و بنیادنانی بەختەوەری و ئاسودەیی هزر و دەروون و تەندروستی تاکەکان و خێزان و کۆمەڵگایە.
وەزارەتی تەندروستی لە ئاستی خزمەتگوزاریدا بەردەوامە لە پێشكەشكردن و باشترکردنی رەوشی تەندروستی، بەتایبەتی لە رۆژانی پشووی جەژنی رەمەزانی پیرۆز رێکارەکانی خۆپارێزی و چارەسەری و فریاگوزاری هاوکات لەگەڵ بەرنامەی تۆکمەی خزمەتگوزاریەکانی دیکەی تەندروستی گشتی پێشكەش بە هاوڵاتیان دەكات وکار و بەرنامەی باشتر و زیاتریش بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتیانی خۆشەویست لە هەرێمی کوردستان.
لێرەدا جارێكی تر وێڕای پیرۆزبایی جەژن، دەستخۆشی و رێز و سوپاسمان بۆ هەموو پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی دەردەبڕین كە ماندوونەناسانە و بەشەونخوونی خزمەتكردنیان بەردەوامە بۆ هاوڵاتیان بەتایبەتی لە رۆژانی پشوو و شەوان و بۆنە و قەیران و رووداوەکانی رۆژانە پێشتر و ئێستاش دڵسۆزانە ئەرکەکانیان پێشکەش بە هاوڵاتیان دەکەن.
ئومێدەوارین هەمووان پێکەوە خۆپارێزی کەسی و ئامۆژگارییەکانی تەندروستی گشتی بە گرنگ وەربگرین و جێبەجێی بکەین، پێکەوە لەپێناو بەرژەوەندی گشت وتەندروستی هاوڵاتیان پاڵپشتی تێپەڕاندنی هەموو ئاستەنگ و کێشە و گرفتەکان بین و ئاسودەی ژیانێکی ئاسایی و تەندروست بین.
دووبارە جەژنی رەمەزان لە هەمووان پیرۆز بێت و هەر ساغ و سەلامەت بن.