میکانیکى هەڵبژارد

محەمەد عەدنان شوێنى خەونەکەى دەکەوێت و پزیشکی گشتی ناوێت

ئەحمەد شەمزین- هەولێر

زۆرن ئەوانەى هەموو هەوڵى خۆیان دەدەن هەتا لە پۆلى 12 لە بەشێکى بەرز ناویان بێتەوە، بەڵام بۆ محەمەد عەدنان بابەتەکە جیاوازە، ئەو لە پزیشکى گشتیى ناوى هاتووەتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەى حەزى لە بەشى میکانیکە، کۆلێژى پزیشکى رەت دەکاتەوە.

ئەمڕۆ ئەنجامى زانکۆلاین راگەیەندرا، محەمەد عەدنان بە کۆنمرەى 98 ناوى لە پزیشکى گشتیى دەرچوو، بەڵام بڕیاریدا دایبەزێنێت بۆ بەشى میکانیکى کە کۆنمرەى 90ـى پێویستە.

محەمەد بە 964ـى وت،”من شوێن حەز و خولیاى خۆم کەوتووم، هەموو شتەک لە ژیاندا حەزە، من حەزم لەو بەشەیە و دەمەوێت داهێنانى تێدا بکەم”.

محەمەد گەنجێکی ئاسایی نییە چیرۆکێکی سەرەنجڕاکێش لەناو ژیانی رۆژانەی و ژیانی خوێندنیدا هەبووە، جگە لەوەی بڕوای بە مامۆستای تایبەت نەبوو کە وانەی پێبڵێنەوە، هەمانکات بەرۆژ لە ناوچەی پیشەسازی لەناو رۆن و گریس لەگەڵ باوکی کاری دەکرد و بەشەویش دەیخوێند، وەکخۆی دەڵێت زۆرجاری واهەبووە بەرەبەیانان لەسەر کتێب خەوی لێکەوتووە.

وەک ئەوەى محەمەد باسى دەکات، لە کوردستانیش دەمێنێتەوە و لێرەوە داهێنان دەکات و لە بوارەکەیدا سەرکەوتن تۆمار دەکات.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح