وەزارەتی گواستنەوەی عێراق:

ئاسمانی عێراق و کوەیت بەڕووی گەشتە ئاسمانییەکاندا کرانەوە

964+

کاکەلاو عەبدو

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، رێگای ئاسمانی عێراق و کوەیت بەڕووی گەشتە ئاسمانییەکاندا کرایەوە و بەمزوانە گەشتەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە دەستپێدەکەنەوە.

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەڵێت: دوای ئەوەی ئاسمانی هەردوو وڵات بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە بەڕووی یەکتردا داخرابوو، ئەمڕۆ کاتژمێر 2:00ـی دوانیوەڕۆ ئاسمانی  هەردوو وڵات لەژێر سەرپەرشتی رێکخراوی  گەشتی ئاسمانیی مەدەنی نێودەڵەتی کرایەوە.

بەپێی راگەیاندراوەکەی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، بەمزوانە گەشتەکانی نێوان هەردوو وڵات دەستپێدەکەنەوە و بەشێوەیەکی لەسەرخۆ  هێڵە ئاسمانییەکان دەتوانن گەشتەکانیان رێکبخەن.

لەو کاتەوەی لە مانگی شوبات جەنگ دەستیپێکردووە، چەندین جار بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە کوەیت لەلایەن ئێرانەوە بەئامانجگیراون. لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ هێرشێکی درۆنی ئێران بووە هۆی داخستنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کوەیت بەشێوەیەک یکاتی.