بەهاکەی ملیارێک و 600 ملیۆن دینارە
ئامێری قەستەرەی دڵ پێشکەشی نەخۆشخانەی ئازادیی دهۆک کرا
شڤان عەبدوڵا – دهۆک
رێکخراوی شا سەلمان عەبدولعەزیزی سعودیە، ئەمڕۆ ئامێرێکی پێشکەوتووی قەستەرەی دڵی پێشکەشی بە تەندروستیی دهۆک کرد، کە بۆ بەشی چارەسەری دڵی نەخۆشخانەی گشتیی ئازادی لە دهۆک تەرخان کراوە.
بەهای ئامێرەکە یەک ملیار و 600 ملیۆن دینارە.
ئەم ئامێرە بۆ پشکنین و چارەسەرکردنی نەخۆشانی تووشبوو بە جەڵتەی دڵ بەکاردێت و چاوەڕوان دەکرێت رۆڵێکی گرنگ لە کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و چاوەڕوانیی نەخۆشاندا هەبێت، بەتایبەتی ئەو نەخۆشانەی پێویستییان بە پشکنین و چارەسەریی خێرای دڵ هەیە.
د. ئەفراسیاب موسا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک، بە 964ی وت، ئامێرە نوێیەکە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و تایبەتمەندیی باشی هەیە و یارمەتی دەدات نەخۆشان بە ئاسانیی زیاتر پشکنین و چارەسەری وەربگرن، بەبێ ئەوەی رووبەڕووی قەرەباڵغی و چاوەڕوانیی زۆر ببنەوە.
لە لایەکی دیکەوە، ئەمیر عەلی، وتەبێژی تەندروستیی زاخۆ بە 964ی وتووە، بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی زاخۆ لەسەر کێشەی ئامێری قەستەرەی دڵ ئاگاداریان کردووەتەوە و لە ئێستادا هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بەردەوامن.
بەهۆی لەکارکەوتنی ئامێری نەخۆشخانەی زاخۆ، نزیکەی مانگێکە بەشی چارەسەری دڵی ئەو نەخۆشخانەیە لە خزمەتگوزارییەکە وەستاوە و نەخۆشان ناچار بوون بۆ وەرگرتنی چارەسەر سەردانی دهۆک بکەن.
بەپێی زانیارییەکان، لە کاتی کردنەوەی سەنتەری چارەسەری دڵ لە پارێزگای دهۆکەوە تا ئێستا 10,650 کەس لەوێ چارەسەریان وەرگرتووە، چاوەڕوان دەکرێت دابینکردنی ئامێرە نوێیەکە یارمەتی باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی چارەسەری دڵ و کەمکردنەوەی فشار لەسەر نەخۆشخانەکە بدات.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا