"دوو مانگ جارێک دەتوانن سوودمەندبن لێی"
بانکی ناوەندی پێدانی دۆلاری بە نرخی فەرمی بۆ گەشتیاران سنووردارکرد
964+
کاکەلاو عەبدوڵا
بانکی ناوەندی عێراق پێدانی دۆلاری بە گەشتیاران بۆ دوو مانگ جارێک سنووردارکرد و دەڵێت، بە دوو مانگ جارێک دوو هەزار دۆلاریان پێدەدرێت.
بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، لەمەودوا هەر گەشتیارێک دەتوانێت تەنها جارێک لەماوەی دوو مانگدا دۆلار بە نرخی فەرمی وەربگرێت و بڕیارەکە لە 18ـی ئەم مانگەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بانکی ناوەندی باسی لەوە کردووە، “ئامانج لەم هەنگاوە رێکخستنی پێدانی دۆلارە بە گەشتیاران و دڵنیابوونەوەیە لەوەی بگاتە دەستی هەموو ئەو هاوڵاتیانەی شایەنین.”
پێشتر گەشتیاران دەیانتوانی مانگی جارێک دۆلار بە نرخی فەرمی وەربگرن و بڕەکەشی سێ هەزار دۆلار بوو، بەڵام چەند مانگێک لەمەوبەر بە فەرمی بڕەکەی بۆ دوو هەزار دۆلار کەمکرایەوە.