لە سلێمانی 

وەزعی بازاڕی فەرشفرۆشان خراپە و بێ بازاڕیی چەند دوكانێكی داخست

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

بەراورد بە دەستپێكی مەوسمی فرۆشتنی فەرشی ساڵانە، تائێستا بازاڕی فەرشفرۆشان زۆر خراپە و فەرشفرۆشێكیش دەڵێت، لەچاو پارساڵ لەسەدا هەشتا بازاڕیان كەمیكردووە.

ئارتین ئەحمەد، فەرشفرۆشێكی شەقامی بازنەیی مەلیك مەحمودی سلێمانییە و بە 964ـی وت، تائێستا بازاڕمان زۆر خراپە و وەزعەكە هیچ لەباش ناچێت، تەنانەت ئەگەر پارساڵ ئەم كاتە 100 فەرشمان فرۆشتبێت، ئێستا تەنیا 15- 20 فەرشێكمان فرۆشتووە.

وتیشی، لەهۆكارەكان شەڕو ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە و گرانبوونی شتومەك، جیاوازی و گۆڕانكاری نرخی دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی و بێ موچەییە كە خەڵك بەهۆی پێداویستییە سەرەكییەكانەوە توانای كڕینی شتومەكە لاوەكییەكانی دیكەی نییە.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەهۆی ئەو بێ بازاڕییەوە، تەنیا لەریزێكی دوكانەكانی فەرشفرۆشی لە شەقامی بازنەیی مەلیك مەحمود، سێ شوێن كرێ دوكان و مەسرەفی شاگردەكانی دەرنەكردووە و بەناچاری دایانخستووە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی