هەواڵەکان
دۆلار نرخی پاسپۆرتی گران کرد و بەرپرسێکی شارەوانیش دەستگیر کرا
ژووری هەواڵ
ئەم دۆلارە سەری لە بازاڕ و ژیانی و گوزارەنی خەڵکیش شێواندووە ئەوەی چاوەڕێی ناکەی لە پڕ نرخەکە بەرز دەبێتەوە، ئەوەتا لەئەمڕۆوە دەرھێنان و تازەکردنەوەی پاسپۆرت نرخەکەی زیادی کردووە لە 91 ھەزار دینارەوە بۆ 101 ھەزار دینار.
بەرپرسی شارەوانی چواری کەرکوک شەش هەزار دۆلار و ئایفۆنێکی بە بەرتیل وەرگرت، فریانەکەوت بیانخاتە گیرفانی، پۆلیس دای بەسەریدا و گیرا.
دەستەی دەستپاکی عێراق ڤیدیۆی ساتی دەستگیرکردنەکەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، دوای کۆکردنەوەی زانیاری و بە فەرمانی دادوەر، تیمێکی پۆلیسی لێکۆڵینەوەی کەرکوک، بۆسەیان بۆ بەرپرسی شارەوانی چواری کەرکوک داناوە و لەکاتی بەرتیل وەرگرتن دەستگیریان کردووە.
دیسان ئاوی نێوان تورکیا و یۆنان پرسەی خستەناو خێزانێکی کوردەوە و گیانی لە سێ منداڵی پڕ لەهیوا سەند.
سێ رۆژ لەمەوبەر خێزانێکی پێنج کەسی لە سلێمانییەوە و بەئومێدی گەیشتن بە ئەوروپا سواری تەیارە بوون و بەرەوە ئیستەنبوڵ بەڕێکەوتن، بەڵام لەپڕ خانەوادەکەیان خەبەرێکی دڵتەزێنیان بۆ هات و پێیان وترا کە لە ئاوی نێوان ئەدەنە بۆ یۆنان چوپەکەیان نوقمی ئاو بووە و سێ منداڵیان خنکاوە، تەنیا دایک و باوکی منداڵەکان دەربازیان بووە و لە تورکیا دەستگیر کراون.
کاتی پێگەیشتنی سێوە زەرد و سوورەکەی باڵەکایەتییە، بەڵام لەبەر سێوی ئێرانی، جوتیاران هەر چی دەکەن ناتوانن بە ئاسانی بەرهەمەکەیان ساغ بکەنەوە و بۆیان نافرۆشرێت.
رەشید موختار باخەوانێکی بەئەزموونی باڵەکایەتی لەناو باخەکەی قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “سێوی ئێمە کیلۆی 800 دینار دەکات کەچی ئێرانی هەزار دینار و زیاتریش دەکات، هەتا هی ئەوانیش هەبێ، هی ئێمە چاک سەرف نابێ”.