سی ئێن ئێن:
ئەمریکا بیر لەوە دەکاتەوە “دایکی هەموو بۆمبەکان” دژی ئێران بەکاربهێنێت
964+
کاکەلاو عەبدوڵا
کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی رایگەیاند، ئەمریکا بیر لەوە دەکاتەوە گەورەترین بۆمبی نائەتۆمی دژی ئێران بەکاربهێنیت کە بە “دایکی هەموو بۆمبەکان” ناسراوە.
سی ئێن ئێن لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکییەوە دەڵێت، سوپای ئەمریکا پلانێکی نوێی هێرشی بۆ سەر ئێران پەرەپێداوە کە تێیدا بەکارهێنانی “دایکی هەموو بۆمبەکان ” لەخۆدەگرێت بۆ بەئامانجگرتنی ژێرخانی وزە و ناوکی ئێران.
کەناڵەکە دەڵێت، ئەم پلانە بۆ حاڵەتێکە ئەگەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیار بدات هێرش بۆ سەر ئێران دەستپێبکاتەوە جا پێش یان دوای هەڵبژاردنی نیوەخولی ئەمریکا بێت.
دایکی هەموو بۆمبەکان چییە؟
بۆمبی GBU-43/B یان کورتکراوەکەی “مۆوب”، گەورەترین بۆمبی نائەتۆمی سوپای ئەمریکایە و لەبەر زەبەلاحییەکەی ناوی لێنراوە “دایکی هەموو بۆمبەکان”.
کێشی بۆمبەکە نزیکەی 10 تۆنە و کڵاوەی جەنگییەکەی نزیکەی هەشت تۆنە. بۆمبی مۆوب هێندە زەبەلاحە کە هیچ فرۆکەیەکی جەنگی ناتوانێت هەڵیبگرێت، بەڵکو ئەگەر بەکاربهێنرێت دەبێت بە فڕۆکەی کارگۆ هەڵبگیرێت و دواتر لەنزیک شوێنی ئامانج هەڵبدرێت.
درێژی بۆمبەکە 9.1 مەترە و لەڕێی جی پی ئێس و مانگی دەستکردەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێت. لەکاتی هەڵدانیدا شەش پێ پێش ئەوەی بەر ئامانجەکەی یان زەوی بکەوێت دەتەقێتەوە و بەنزیکەیی ئەوەی لەدەوروبەری بێت بە دووری 300 مەتر بەشێوەیەکی ئاسۆیی وێرانی دەکات، بەڵام تاوەکو یەک کیلۆمەتریش زیان دەدات.
بۆمبەکە کاریگەر دەبێت بۆ لەناوبردنی پێگە سەختە ئەتۆمییەکانی ئێران؟
گومان لەسەر کاریگەری بۆمبەکە هەیە ئەگەر دژی پێگە ئەتۆمییە سەختەکانی ئێران بەکاربهێنرێت، چونکە ئەم بۆمبە وەک بۆمبەکانی پێشووتر کە واشنتن بەکاریهێناوە لە پێگەی ئەتۆمی نەتەنز و فۆردۆ، زەوی کون ناکات بەڵکو پێش ئەوەی بەر ئامانجەکەی بکەوێت دەتەقێتەوە.
بۆمبەکە سەرەتا لە جەنگی عێراقدا پەرەیپێدرا و دواتر بەکارهێنرا. بەشێک لە بەرپرسانی ئەمریکا بە سی ئێن ئێنیان وتووە، بۆمبەکە زیاتر وەک جەنگی دەروونی بەکاردەهێنرێت چونکە تەقینەوەیەکی گەورە دروست دەکات و کاتی خۆشی لەدژی سوپای عێراق لە 2003 بەکارهێنرا بۆ ئەوەی ورەی سوپای عێراق بڕوخێت و دەست لە شەڕکردن هەڵبگرن.
یەکێک لە سەرچاوەکان بە کەناڵە ئەمریکییەکەی راگەیاندووە، ترەمپ فەرمانی کردووە پاکێجێکی هێرش بۆ سەر ئێران پەرەپێبدەن و ئامانجەکانیش “ژێرخانێکی زۆری وزەی” ئێرانن.
بۆمبەکە بۆ چ جۆرە ئامانجێک بەهێزە؟
ئەمە یەکەمجارە بەکارهێنانی ئەم بۆمبە پلانی بۆ دادەنرێت و لەلایەن سوپای ئەمریکاوە خراوەتە پلانەوە تا دژی ئێران بەکاربهێنرێت. سروشتی بۆمبەکە بەجۆرێکە کە بۆ ئەو ئامانجانە کاریگەرە کە زیاتر لەسەر زەوین نەک لە قووڵایی ژێر زەویدا بن.
بۆمبەکە زیاتر بۆ تونێل، ئەشکەوت یان حەشارگەیەک بەکاردەهێنرێت کە لەسەر رووی زەوی بێت. ساڵی 2017 بۆمبەکە دژی حەشارگەکانی داعش لە ئەفغانستان بەکارهێنرا.
هێرشەکە تۆڕێکی پتەوی تونێلی داعشی لەناوبرد و تێیدا 36 چەکداری داعش کوژران. لە هێرشەکەدا سێ تونێلی ژێرزەمینی و چەند کۆپگایەکی چەک و تەقەمەنی لەناوبران.
یەکێک لە سەرچاوەکان بە سی ئێن ئێنی راگەیاندووە، پلانەکەی سوپای ئەمریکا لێدان لە پێگە ئەتۆمییەکانی ئێرانیشی تێدایە، بە چیای کۆڵەنگیشەوە کە دەکەوێتە پارێزگای ئەسفەهان و نزیکەی 1.5 کیلۆمەتر لە پێگەی ئەتۆمی نەتەنزەوە دوورە.
چەند جارێک ترەمپ هەڕەشەی ئەوەی کردووە لە چیای کۆڵەنگ بدات و بەرپرسانی ئەمریکا و ئیسرائیل پێیانوایە تاران بەشێکی پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی لەو چیایەدا هەڵگرتووە و ترەمپیش سوورە لەسەر ئەوەی ئێران هەرگیز دەستی بە چەکی ئەتۆمی نەگات.
لە ناوەڕاستی ساڵی رابردوو سوپای ئەمریکا بۆمبی GBU-57A/B بۆ لەناوبردنی پێگەی ئەتۆمی نەتەنز و فۆردۆ بەکارهێنا کە ئەمیان دەتوانێت زەوی بەدرێژایی 60 مەتر کون بکات و و دواتر ئامانجەکەی لەناوببات.