رادیۆی "کڵاورۆژنە" دەبێتە دەنگی نابیناکان لە کوردستان
دەستی بە پەخشکرد
رادیۆی “کڵاورۆژنە” دەبێتە دەنگی نابیناکان لە کوردستان
ئەحمەد مستەفا
ئەمڕۆ پێنجشەممە، هاوکات لەگەڵ رۆژی جیهانیی گۆچانی سپی، رادیۆی “کڵاوڕۆژنە” لە بینای یەکێی نابینایانی کوردستان، بە فەرمی دەستی بە پەخشی ئاسایی خۆی کرد.
لە مەراسیمی دەستپێکردنی پەخشی رادیۆکەدا، ژیلوان عادل، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە پارێزگای سلێمانی بەوەکالەت، لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی رێکخراوە حکومی و ناحکومییەکان، کەسایەتییەکان و هونەرمەندان ئامادە بوون.
لە کاتی مەراسیمەکەدا، بەڕێوەبەری گشتی پیرۆزبایی لە یەکێتیی نابینایانی کوردستان کرد و دەستخۆشی لە هەموو ئەو کەسانە کرد کە بە ماندووبوون و هەوڵەکانیان ڕۆڵیان لە دامەزراندن و دەستپێکردنی پەخشی رادیۆکەدا هەبووە.
هەروەها جەختی لە گرنگیی ئەم هەنگاوە کردەوە و هیواخوازی بوو رادیۆی “کڵاوڕۆژنە” ببێتە دەنگێکی رەسەن بۆ هاوڵاتیانی خاوەن پێداویستیی تایبەت، بە تایبەتی کەسانی نابینا، و رۆڵێکی کاریگەر بگێڕێت لە بڵاوکردنەوەی پەیامی هۆشیاری، بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیریی کۆمەڵگە و پشتگیریکردنی ماف و بەشداریی کۆمەڵایەتیی ئەم چینەی کۆمەڵگە.