رێکارەکەی دیاری کردووە

 تەندروستیی هەولێر دیدار و راپۆرتی رۆژنامەوانی ناو نەخۆشخانەکانی قەدەغەکرد

ئەحمەد مستەفا

تەندروستی هەولێر، بۆ مەبەستی پاراستنی مافی نەخۆشان و رێکخستنی کاری راگەیاندن، کۆمەڵێک رێنمایی نوێی بۆ سەرجەم نەخۆشخانەکان و بەشەکانی فریاکەوتن دەرکرد.

بەپێی گشتاندنەکەی واژۆکراو لەلایەن دکتۆر دڵۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر، رێگە بە کەناڵەکانی راگەیاندن نادرێت لە ناو نەخۆشخانەکان دیدار و راپۆرت ئەنجام بدەن، چونکە ئەمە دەتوانێت ببێتە هۆی بێزارکردنی نەخۆشان و تێکدانی پرۆسەی چارەسەریان.

هەروەها، بڕیارە هەر رووداوێک یان حاڵەتێک کە پێویستی بە راگەیاندن هەبێت، تەنیا لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی تەندروستییەوە رابگەیەنرێت و رەزامەندیی پزیشکی پسپۆڕی پەیوەندیدار وەربگیرێت.

لە بەشێکی دیکەی رێنماییەکاندا، جەخت لەوە کراوەتەوە کە لە کاتی رووداوەکانی فریاکەوتن، بەڕێوەبەرایەتیی نەخۆشخانەکان دەبێت لە ماوەی 24 کاتژمێردا بەشی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ئاگادار بکەنەوە، بۆ دابینکردنی زانیاری و ئاماری ورد.

بەپێی ئەم رێنماییانە، هەموو زانیاری و رووماڵێکی پەیوەندیدار بە رووداوەکانی نەخۆشخانەکان دەبێت لە رێگەی فەرمییەوە و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندن بڵاو بکرێتەوە.