ساڵی 2005 بڕیاربوو پڕۆژەكە جێبەجێبكرێت
حكومەت پڕۆژەی دووسایدكردنی نێوان شارەکانی بیركەوتەوە
964+
فەرهاد حەسەن
حكومەتی هەرێم پڕۆژەی دووسایدكردنی نێوان شارەكانی لەبیرە، بەڵام وەزیری ئاوەدانكردنەوە دەڵێت، هەموو هەوڵێكیان بۆ دابینكردنی بودجەیە بۆ ئەوەی ئەو پڕۆژەیەی پێ تەواو بكەن.
بەپێی زانیارییەكانی 964، پڕۆژەی بە دووسایدكردنی رێگای نێوان شارەكان بۆ ساڵی 2005 دەگەڕێتەوە، كە تیایدا حكومەتی هەرێم ئەو بڕیارەی راگەیاند و زۆربەی گرێبەستەكانی ئەو پڕۆژەیەشی لە ساڵانی 2010 و 2011 و 2012 واژۆ كرد، بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجەی پێویست، تائێستاش لە تەواوی پارێزگاكانی هەرێم ئەو پڕۆژانە بە نیوەچڵی ماونەتەوە.
دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێم ، رۆژی پێنج شەممە، جارێكی تر ئەو پڕۆژەیەی وەبیرهێنایەوە و بەڵێنیدا “تا چوار ساڵی ئایندە هیچ رێگەیەكی نێوان شارەكان نامێنێت دووساید نەكرابێت و بەیەكەوە نەبەسترابێتەوە”.
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە، كە وێنەیەكی دەست 964 كەوتووە، وەزیری ئاوەدانکردنەوە، وتویەتی، رێگای دووسایدی نێوان شارەکان کاری لەپێشینەی وەزارەتەكەیانە و “هەموو هەوڵێکمان بۆ دابینکردنی بودجە و جێبەجێکردن و تەواوکردنیانە، بۆ ئەوەی رێگایەکی سەلامەت بۆ ھاوڵاتییان دابین بکەین”.