لۆگۆی دەستەی دەستپاکی عێراق
هەرزوو کەشف بوو
پیلان دانرابوو زەوییەکی 37 ملیاری بە سێ ملیار بفرۆشرێ
ئەحمەد مستەفا
لە بەیانێکدا، ئەمڕۆ پێنجشەممە دەستەی دەستپاکی عێراق رێگری لە گەندەڵی و بەهەدەردانی 34 ملیار و 292 ملیۆن دینار کرد، ئەوەش لە پرۆسەی فرۆشتنی زەوییەکی 136 دۆنمی لەسەر رووباری فوڕات لە پارێزگای ئەنبار.
تیمی نوسینگەی لێکۆڵینەوەی ئەنبار لە دەستەی دەستپاکی عێراق دەڵێ، زەوییەکە کە بە شێوەیەکی ستراتیژی کەوتووەتە سەر رووباری فورات، زۆر بە هەرزانتر لە نرخی راستەقینەی خۆی خەمڵێنرابوو تاوەکو لە زیادکردنێکی ئاشکرادا بفرۆشرێت.
هەر دۆنمێکی زەوییەکە تەنیا بە 28 ملیۆن دینار دیاری کرابوو، بەجۆرێک کۆی گشتیی نرخەکەی کرابووە 3 ملیار و 129 ملیۆن دینار، لە کاتێکدا نرخ و بەهای ڕاستەقینەی بازاڕ بۆ هەر دۆنمێک لەو ناوچەیەدا نزیکەی 300 ملیۆن دینارە و کۆی گشتی بەهاکەی دەگاتە 37 ملیار و 422 ملیۆن دینار.
دوای کەشفکردنی ئەم جیاوازییە گەورەیە و وەستاندنی پرۆسەی فرۆشتنەکە، لە ئێستادا لێکۆڵینەوەی ورد بەردەوامە بۆ دۆزینەوە و لێپرسینەوەی یاسایی لەو کەس و لایەنانەی دەستیان لە کەمخەمڵاندنی ئەنقەستی بەهای ئەم موڵکە گشتییەدا هەبووە.