بچن بۆ وەرگرتنی

دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانە راگەیەندرا

ئەحمەد مستەفا

وەزارەتی بازرگانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 3.9.2026، دەستپێکردنی دابینکردنی بابەتەکانی ناو سەبەتەی خۆراک بەسەر بریکارەکاندا لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان راگەیاند.

لەمیا موسەوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی کەلوپەلی خۆراک لە وەزارەتی بازرگانی لە راگەیەندراوی وەزارەتەکەیدا دەڵێ، کارمەندانی کۆمپانیاکەمان لە بەغدا و پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، دەستیان کردووە بە بڕینی پسوڵە و دابینکردنی ژەمی نوێی بابەتەکانی سەبەتەی خۆراک بۆ بریکارەکان، ئەمەش بەپێی خشتەی دیاریکراو و بەپێی ناوچە هەرە هەژارەکان.

موسەوی دەڵێ،بڕین و دابینکردنی بابەتەکانی سەبەتەی خۆراکی هاوڵاتییان و هەروەها سەبەتەی تایبەت بە چاودێریی کۆمەڵایەتی بەیەکجار و بەیەکەوە ئەنجام دەدرێت.

داوای لە هاوڵاتییان کرد کە سەردانی بریکارەکانی خۆراک لە ناوچەکانیان بکەن بە مەبەستی وەرگرتنی بەشەخۆراکەکانیان، و داواشی لێکردن هەر سەرپێچییەک هەبێت لە رێگەی هێڵە گەرمەکانی چاودێری و پلاندانان، یان بەشی کاروباری هاووڵاتیان و لاپەڕەی فەرمیی وەزارەت لە فەیسبووک، یان لە ڕێگەی لێنکی خزمەتگوزاریی ئەلیکترۆنیی (ڕاقبنی – چاودێریم بکە) ئاگاداریان بکەنەوە.