رووداوەکە شەوی رابردوو بوو

تۆمەتبارێکی رووداوی تەقەکردنەی قەڵادزێ دەستگیرکرا

شۆڕش قادری

تۆمەتبارێکی رووداوی تەقەکردنەی شەوی رابردووی قەڵادزێ دەستگیرکرا.

شەوی رابردوو بریندارێک بەناوی (س، ف، ٲ) لەدایکبووی ساڵی 2006 پیشەی کاسب، رەگەزی نێر، دانیشتووی گەڕەکی گربداخ بە برینداری گەیەندرایە نەخۆشخانەی گشتی قەڵادزێ کە شوێنەواری فیشەک بە جەستەیەوە هەبوو، دواتر بەهۆی سەختی برینەکەی رەانەی سلێمانی کرا.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین دەڵێت، دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە، وتوویەتی لەلایەن چەند کەسێک لەناو ئۆتۆمبێلێکدا لەبەردەم ماڵەوە تەقەی لێکراوە، بەبڕیاری دادوەر و بە ماددەی 405/ 31 لە یاسایی سزادانی عیراقی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تۆمەتباران دەرچوو.

ئەمڕۆ هەینی 31.7.2026 یەکێک لە تۆمەتباران لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی راپەڕینەوە دەستگیرکراوە، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوە لەوبارەیەوە بەردەوامە.