دەستپاکی: هاوڵاتیەکی ناچارکردبوو بەرتیل بدات
بەرپرسێکی دیوانی پارێزگای دیالە لە کاتی وەرگرتنی 10 هەزار دۆلار دەستگیر کرا
فەرهاد حەسەن
دەستەی دەستپاکی عێراق، بەرپرسێکی دیوانی پارێزگای دیالەی لە کاتی وەرگرتنی 10 هەزار دۆلار دەستگیر کرد و ئەو تۆمەتەی پێی دەستگیرکرد لە یاسای سزادان بە “بەرتیل” ناسراوە.
دەستپاکی دەڵێت، تۆمەتبارەکە سەرۆکی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بووە لە بەشی کاروباری یاسایی لە دیوانی پارێزگای دیالە هاوڵاتییەکەی ناچارکردووە، لە بەرانبەر ئەوەی ئەنجامی لیژنە لێکۆڵینەوەکە بە شێوەیەک دابڕێژێت کە لە بەرژەوەندیی ئەو بێت ئەم بڕە پارەیەی لێوەرگرتووە.
ئاماژە بەوەکراوە، دوای ئەوەی هاوڵاتییەکە سکاڵای تۆمار کردووە، تیمێکی بەشی بەدواداچوون و دەستبەسەرداگرتن لە نووسینگەی لێکۆڵینەوەی دیالە، دوای وەرگرتنی رەزامەندیی دادوەر، بۆسەیەکی توندوتۆڵیان بۆ تۆمەتبارەکە نایەوە و توانیان تۆمەتبارەکە لە کاتی وەرگرتنی بەشی یەکەمی پارەی بەرتیلەکەدا، کە 10 هەزار دۆلار بووە، دەستگیر بکرێت (چونکە بڕیار بووە پارەکە بە دووجار پێی بدرێت).
لە کاتی دەستگیرکردنیدا، تیمەکانی دەستپاکی توانیویانە تەواوی بەڵگەنامە و فایلە ئەسڵییەکانی لیژنە لێکۆڵینەوەکە لە ناو ئۆتۆمبێلی تۆمەتبارەکەدا بدۆزنەوە و دەستی بەسەردا بگرن.
لە ئێستادا تۆمەتبارەکە رادەستی دادوەری لێکۆڵینەوەی باقوبە کراوە، کە تایبەتە بە دۆسیەکانی دەسپاکی، بۆ ئەوەی رێکاری یاسایی توندی بەرانبەر بگیرێتە بەر.