د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێم
دکتۆر سامان بەزرنجى لەبارەى گیانلەدەستدانى کچە 21 ساڵانەکە:
بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەکە و 5 پزیشک و کارمەندە بەرپرسەکان دەدرێن بە دادگا
وریا فەتاح
وەزیرى تەندروستى لەسەر گیانلەدەستدانى کچە تەمەن 21 ساڵانەکەى شارى هەولێر قسەى کرد و دەڵێت: جگە لە داخستنى نەخۆشخانەکە، بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەکە و 5 پزیشک و کارمەندە بەرپرسەکان دەدرێن بە دادگا.
دوێنێ چوارشەممە، لە یەکێک لە نەخۆشخانە تایبەتەکانى شارى هەولێر، کچێکى تەمەن 21 ساڵان لە کاتى نەشتەرگەریدا گیانى لەدەستدا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزیرى تەندروستى حکومەتى هەرێم لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا وێڕاى خەمبارى بۆ رووداوەکە، رایگەیاند کە پێشتر هۆڵى نەشتەرگەرى نەخۆشخانەکە تێبینى لەسەر بووە و قوفڵى حکومەتى لێدراوە و بەهیچ شێوەیەک مافى ئەوەیان نەبووە نەشتەرگەرى بکەن، چونکە بەشى چاودێرى چڕیان نەبووە.
روونیشى کردەوە، لە دەرگاى پشتەوە چوونەتە هۆڵى نەشتەرگەریى و ئەو پزیشکەشى نەشتەرگەرییەکەى ئەنجامداوە، لە شارێکى دیکەوە هێندراوە و هیچ تۆمارێکى نییە لە نەخۆشخانەکەدا.
لەبارەى گرتنەبەرى رێکارەکانیش، وەزیرى تەندروستى وتى،”نەخۆشخانەکەمان بەیەکجارى داخست تا ئەوکاتەى دۆسییەکەى لە دادگا یەکلایى دەبێتەوە و قۆناغ بە قۆناغیش نەخۆشەکان دەگوازرێنەوە”.
جەختیشى کردەوە کە بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەکە و 5 پزیشک و کارمەندە بەرپرسەکانیان داون بە دادگا.