فەرماندەکەیان ئاشکرای کرد

ئێران هێزی زەمینی لەسەر سنوورەکانی هەرێم و عێراق زیاتر کردووە

ئەحمەد مستەفا

فەرماندەیی زەمینی سوپای پاسداران، زیادکردنی ژمارەی یەکە سەربازییەکانی لە رۆژئاوای وڵاتەکەی راگەیاند و بە میدیای ئێرانی وتووە، هێزەکانیان لە ئامادەباشی تەواودان بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی هەر هەڕەشەیەک.

رۆژئاوای ئێران، سەر سنوورەکانی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەشێکی دیکەی ئێرانە لەگەڵ عێراق.

عەلی جیهانشاهی، فەرماندەکەیە ئەو ئەمڕۆ پێنجشەممە 3.9.2026 دیمەنی بەسەرکردنەوەی یەکە سەربازییەکانی بڵاوکرایەوە و باسی لەوەکرد، هێزەکانیان لەسەر سنوورەکان جێگیر کراون و یەکەکانی هێزی زەمینیی سوپا لە ئامادەباشی تەواودان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەکی چاوەڕوانکراو لە ناوچە سنوورییەکان.

جیهانشاهی دەڵێ، هێزەکانی سوپا لەسەر سنوورەکانی وڵات وەستاون و لە هەر شوێنێکدا ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێویستی بە ئامادەبوون و بەرگریکردن هەبێت، بە تەواوی توانایانەوە لەوێ دەبن.

بەپێی دواین خەمڵاندنە نێودەوڵەتییەکان لەلایەن پەیمانگای نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوەی ستراتیژی (IISS)، ژمارەی هێزە زەمینییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران زیاتر لە 150 هەزار سەربازی چالاکە، هەروەها ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق هەزار و 599 کیلۆمەتر سنوری هاوبەشی هەیە.