لە هەڵەبجە
بڕوانامە و خێزان پێکەوە؛ چیرۆکی هاوسەرگیریی دوو دەرچووی زانکۆ
ئەمەل ناجی
لە نێو ئاهەنگ و خۆشیی دەرچوونی خوێندکارانی زانکۆی هەڵەبجەدا، کاتێک کڵاو و رۆبەکان دەپۆشرێن و دروشم و نووسینی جیاواز لەسەر جلوبەرگی دەرچووان دەبینرێن، چیرۆکی دوو دەرچوو بە شێوازێکی جیاوازتر لەوانی تر بەرچاو دەکەوێت: ویسرا عوسمان و میران محەمەد، دوو هاوسەر کە لە قۆناغی یەکەمی زانکۆوە بڕیاری هاوسەرگیرییان داوە، بوونەتە خاوەنی منداڵ و پێکەوە خوێندنیان بە کۆتا هێناوە.
تێکەڵکردنی خوێندنی زانکۆ لەگەڵ ژیانی هاوسەرگیری و بەخێوکردنی منداڵ هەنگاوێکی ئاسان نەبووە، میران محەمەد بۆ 964 باس لە سەختیی ئەو رێگایە دەکات و دەڵێت: “قورس بوو، چونکە ئەرک و بەرپرسیاریەتیمان لەسەربوو”.
بەپێی گێڕانەوەی ئەوان، لە سەرەتای ژیانی هاوسەرگیرییاندا لە ماڵی باوکی ژیاون تا توانایان هەبووە و دواتر ماڵی سەربەخۆی خۆیان جیا کردووەتەوە، لە هەموو قۆناغەکانیشدا پێکەوە قەناعەتیان بەو دۆخ و توانایە هێناوە کە هەیانبووە.
ویسرا عوسمانیش جەخت لەسەر رۆڵی هاوکاری و تێگەیشتن دەکاتەوە لە سەرکەوتنیاندا و دەڵێت: «زیادە مەسرفیمان نەکردووە و پێکەوە قەناعەتمان هەبووە بەوەی خوا یاویەتی.
پێداچوونەوە: پەری ساڵح