بەشێکیان هاتنە بەردەم پڕۆژەکە و دەنگیان هەڵبڕی
دانیشتووانی هیوا سیتی: یەک پێوەری کارەبامان بۆ دانراوە و دووجار پارە دەدەین
رێباز یونس – هەولێر
دانیشتووانی پڕۆژەی هیوا سیتی لە هەولێری پایتەخت لە کارەبا و خزمەتگوزاری پڕۆژەکە ناڕازین و دەنگیان هەڵبڕی.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 15.11.2026 بەشێک لەو هاوڵاتیانە هاتنە بەردەم پڕۆژەکە و گردبوونەوە، دڵشاد سەعید بە 964ـی وت، “کێشەی ئێمە کارەبا و خەدەماتە و هاوینانیش، سێ چوار رۆژە مۆلیدەیان داناوە و دەڵێن، دەبێ هەر ماڵێک 120 هەزار دینار بدات”.
“دەڵێین پێوە و عەداد بێنن بزانین بۆ ئەوەندە پارەی کارەبامان بۆ هاتۆتەوە، دەڵێن نیمانە و هەروا لە گۆترە حسابیان کردووە، ئێمەیش دەڵێین، ئاوا چۆن دەبێ خۆ فلیمی هیندی نییە”، دڵشاد سەعید وای وت.
دانیشتوویەکی دیکەی پڕۆژەکە بەناوی سەردار حسێن قسەکانی ئەو هاوڵاتییە پشتڕاست دەکاتەوە و دەڵێت، “بۆ هەر دوو پڕۆژەی رووناکی و کارەبای مۆلیدە یەک سەعاتی کارەبایان داناوە و ئێمە دەبێ پارە بە هەردووکیان بدەین”.
لەسەر ئەو کێشەیە 964 زۆر هەوڵیدا لەگەڵ ئیدارەی پڕۆژەکە قسە بکات، بەڵام بەردەست نەبوون.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری