بە چاو پیاخشانێک هەواڵی ئەمڕۆ بزانە

لە بەیانییەوە ئەوەی روویداوە لێرە هەیە

964+

ژووری هەواڵ

کۆکردنەوەی هەموو هەواڵەکانی رۆژ ئیشی خۆمانە، ناهێڵین هیچ هەواڵێکی گەرمت لەدەست دەربچێت، بە چاوپیاخشانێک بزانە لە بەیانییەوە چی روویداوە:

ئێوارەی ئەمڕۆ لە رووداوێکی سەختی هاتوچۆدا لەسەر رێگای بەحرکە لە هەولێر حەوت ئۆتۆمبێل پێکیاندادا و کەسێک گیانی لەدەستدا، دوو کەسی دیکەش برینداربوون

سبەینێ لە هەولێر خۆپیشاندانێک دژی بڕیارەکانی عەلی زەیدی لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە ئەنجام دەدرێت

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، خۆپیشاندانەکە کاتژمێر 10:30 خولەکی بەیانی لە باخی شار لە نزیک قەڵای هەولێر بەڕێوەدەچێت بۆ پشتیوانی لە هەرێم و پاراستنی خاکی کوردستان

ئاگرێکی گەورە لە کارگەیەکی چپس لە بەحرکەی هەولێر کەوتەوە و هێشتا زیانەکان دیار نین، بەرگریی شارستانی هەولێریش لە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەدایە

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم تاوتووێی بڕیارەکانی عەلی زەیدی دژی هەرێمی کوردستان کرا و ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند، هەرێمی کوردستان پشتیوانیی هەر رێکارێک بووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، بەڵام زمانی زبر و هەڕەشە رەتدەکەینەوە

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم: هەرێمی کوردستان، بەرهەمی قوربانیدانی پێشمەرگە قارەمانەکان و خوێنی هەزاران شەهیدە و کەس خێری بە خەڵکی کوردستان نەکردووە

ئەنجومەنی وەزیران: هەرێمی کوردستان پابەندە بە جێبەجێکردنی هەموو ئەرکە دەستوورییەکانی خۆی، راگەیاندراوەکەی عەلی زەیدی هەوڵدانە بۆ گەڕاندنەوەی عێراق بۆ رژێمێکی ناوەندی و مەرکەزی

ئەنجومەنى باڵاى دادوەرى هەرێم لەبارەى پێشهاتەکانى نێوان هەرێم و بەغدا، لە روونکردنەوەیەکدا وتی، داوا لە حکومەتی ناوەندی، حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرجەم هێزە سیاسییە پەیوەندیدارەکان دەکەین پابەندبن بەوەی لە دەستووردا هاتووە

دادوەر عەبدولجەبار عەزیز حەسەن، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان: لێدوانەکانی عەلی زەیدی لە دژی هەرێم جێی مەترسی و نیگەرانییە

دادوەر عەبدولجەبار عەزیز: دەستوور ماف و دەسەڵاتەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی فیدراڵی عێراقی دیاریکردووە، بۆیە دەبێت گرفتەکان بە یاسا و رێزگرتن لە رێککەوتنەکان چارەسەر بکرێن نەک زمانی زەبر و هێز

بەنزین لە سلێمانی هەرزان دەبێت، کۆمپانیای فۆکس رایگەیاند، بەنزینی موحەسەن بەنرخی هەزار و 450 دینار بەردەست دەبێت

لە کۆیە فرۆشتنی مریشکی سەربڕدراو قەدەغە کرا و هەرکەسێک پابەند نەبێت سزا دەدرێت و دەست بەسەر مریشکی ئامادەکراوی ناو دووکانەکەدا دەگیرێت

قایمقامیەتی کۆیە: هەندێک لە مریشک فرۆشەکان مریشک سەردەبڕن و پارچەپارچەی دەکەن و ئامادەی دەکەن، لەمەو دوا ئەم کارە رێگەپێدراو نیە، بەڵکو لەکاتی سەردانی کردنی کڕیار مریشکەکە سەر دەبڕدرێت و چاکدەکرێن

ئەمڕۆ لە ناحیەی چوارقوڕنە ئاگرێک کەوتەوە، دووکەڵێکی زۆری لێکەوتەوە کە گەیشتە حاجیاواش و زیانی بە ژمارەیەک دار و درەخت گەیاند

بەرگریی شارستانی چوارقوڕنە ئاگرەکەی کۆنترۆڵکردووە و لەگەڵ ئاسایش لە هەوڵی دۆزینەوەی ئەو کەسانەن بوونەتە هۆکاری کەوتەنەوەی ئاگرەکە

لە جیهانیش ئەم دەنگوباسانە هەبوون:

هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران، رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو کەشتیی نەوتهەڵگری سەرپێچیکار بەهۆی بەرکەوتنیان بە مینێکی دەریایی لە گەرووی هورمز تەقینەوە

کەناڵی ئێن بی سی لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە: ئیدارەی ترەمپ تاوتوێی بەئامانجگرتنی سەرکردە باڵاکانی ئێران دەکات بە مەبەستی دوورخستنەوەی توندڕەوەکان لە ناوخۆی رژێمی ئێراندا

وەزارەتی دادی ئەمریکا: کۆمپانیای هواوی هاوکاریی ئێران و دەزگا هەواڵگرییەکەی کردووە بۆ چاودێریکردنی بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت و سەپاندنی سانسۆر بەسەر ناوەڕۆکدا.

سوپای ئۆکراینا رایگەیاند، ئەمڕۆ پاڵاوگەی نەوتی کویبیشێڤمان لە هەرێمی سامارای روسیا کردە ئامانج

وەزارەتی بەرگریی روسیا: سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی 863 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینییان خستووەتە خوارەوە