ئۆرگانی بڕیاردان لە سلێمانی کۆبووەوە

داواکاری خێزان بۆ پێدانی منداڵی خانەکان دەخرێتە گفتوگۆوە

ئەحمەد مستەفا

چاودێری کۆمەڵایەتی سلێمانی بەردەوامە لە هەڵسەنگاندنی داواکارییەکانی خێزانی جێگرەوە، دەڵێ، ئامانجەکە دابینکردنی ژینگەیەکی خێزانی ئارام و سەلامەتە بۆ منداڵان.

بە گوێرەی بڵاوکراوەی چاودێری خێزان لە سلێمانی، کۆبوونەوەی ئاسایی ئۆرگانی بڕیاردان لە بەشی پشتیوانی خێزانی جێگرەوەی چاودێری کۆمەڵایەتی سلێمانی، بە سەرپەرشتی ژیار جەلال، بەڕێوەبەری چاودێری کۆمەڵایەتی سلێمانی بەڕێوەچووە.

لە کۆبوونەوەکەدا، دۆسیەی ئەو خێزانانە تاوتوێ کرا کە داواکارییان پێشکەش کردووە بۆ لەخۆگرتن و بەخێوکردنی منداڵان، بە مەبەستی دڵنیابوون لە گونجاوی ئەو خێزانانە بۆ پێشکەشکردنی ژینگەیەکی پڕ لە خۆشەویستی و سەقامگیری.

پرۆسەی لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی دۆسیەکان نزیکەی 200 رۆژ دەخایەنێت، کە لەم ماوەیەدا بارودۆخی خێزانە داواکارەکان بە وردی دەخرێتە بەرباس و پشکنینەوە.