قوتابیانی گوندێکی ئاغجەلەر بێ مامۆستان
دوو مانگ تێپەڕیوە و هێشتا بیسمیلایان لە چەند وانەیەک نەکردووە
عەزیز عەبدوڵا – ئاغجەلەر
قوتابخانەی گوندی گەڵناغاج لە سنووری ناحیەی ئاغجەلەر مامۆستای کەمە و بەهۆیەشەوە تا ئێستا قوتابییەکانی بیسمیلایان لە چەند وانەیەک نەکردووە.
رابەر مامە باوکی یەکێک لە قوتابیانی گوندەکە بە 964ـی وت، “چەند گرفتێکمان هەیە و بە دەرەجەی یەک، کێشەی کەمی مامۆستامان هەیە، دوو مانگ بەسەر پڕۆسەی خوێندندا تێپەڕیوە، تا ئێستا چەند مامۆستایەکمان نەقسە و دەرسەکانیان نەخوێندراوە، بەتایبەیش کوردی و بیرکاری هی ئەوە نین نەخوێندرێن”.
“بینای قوتابخانەکەمان کۆنە و لەبری دروستکردنی قوتابخانەیەکی نوێ، چەند کابینەیەکیان داناوە کە بۆ ئەوە نابن لە وەرزی سەرما و زستاندا دەرسیان تێدا بخوێندرێت”، رابەر مامە وادەڵێت
ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لەو گرفتانە، گوندەکەیان 120 قوتابی سەرەتایی و ناوەندی هەیە و بیناکەیان بچووکە، بەڵام بینای قوتابخانەی ئامادەییەکەیان گەورەیە و قوتابی کەمتریشی تێدایە، بۆیە دەیانەوێ، قوتابیانی ناوەندی و ئامادەیی تێکەڵ بکرێن.
گوندی گەڵناغاج دەکەوێتە ناحیەی ئاغجەلەر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ و نزیکەی 70 ماڵ دەبێت.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری