"رێگری لە بانگەشەی توندڕەوی دەکەین"

تێلیگرام لە کەرکوک و شارەکانی عێراق راگیرا

کاروان ساڵحی – کەرکوک

دوای بڕیارەکەی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق، ئەپی تێلیگرام لە کەرکوک و شارەکانی دیکەی عێراق لە ئیشکردن وەستا.

ئەمڕۆ دووشەممە 16.11.2026 دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق رایگەیاند، بڕیارێکیان بۆ بلۆککردنی ئەپی تێلیگرام لە عێراق دەرکردووە، هۆکاری ئەو بڕیارەش بۆ پابەندنەبوونی کۆمپانیاکە بە یاسا و رێنماییە پەیوەندیدارەکانی عێراق گەڕاندووەتەوە.

بەپێی راگەیاندنی فەرمی دەستەکە، ئەپی تێلیگرام هەنگاوی پێویستی بۆ لابردنی ئەو ناوەڕۆکە پێشێلکارانە نەناوە و پابەندی یاساکانی عێراق نەبووە، بۆیە بڕیاری بلۆککردنی ئەپەکەی دەرکردووە دوای 30 رۆژ مۆڵەت.

هەرچەندە دەستەکە دەڵێ، مۆڵەتی 30 رۆژی بە کۆمپانیاکە داوە بۆ رێکخستنی بارودۆخی یاسایی و پابەندبوون بە داواکارییەکان، بەڵام پەیامنێری 964 لە کەرکوک رایگەیاند، هەر لە ئێستاوە تێلیگرام لەو شارە ئیش ناکات.

وەک دەستەی  راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق رایگەیاندووە، ئامانج لە دەرکردنی ئەو بڕیارە، رێگریکردنە لە بڵاوکردنەوەی بانگەشەی توندڕەوی، هاندانی توندوتیژی و ڕق و کینە.

هەروەها بەکارهێنانی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان بۆ ئەنجامدانی تاوانی ئەلیکترۆنی و هەڕەشەکردن لە ئاسایشی نیشتمانی، وە دەڵێ، بەردەوامبوونی خزمەتگوزاریی کۆمپانیا دیجیتاڵییەکان لە عێراق، پەیوەستە بە پابەندبوونیان بە یاسا و رێساکانی وڵات.

پێداچوونەوە؛ ئەحمەد مستەفا