لەسەر چەمی تانجەرۆی سلێمانی

کێڵگەیەکی برنج دەستی بەسەرداگیرا چونکە گومان دەکرێت بە ئاوی پیس ئاودرابێت

شۆڕش قادری

لە ناوچەی عەربەت و لەسەر چەمی تانجەرۆ، کێڵگەیەکی برنج دەستی بەسەرداگیرا، لەبەرئەوەی گومان دەکرێت بە ئاوی پیس ئاودرابێت.

قایمقامیەتی سلێمانی چەند وێنەیەکی کێڵگەکەی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، لیژنە هاوبەشەکانیان لە چوارچێوەی بەدواداچوونە بەردەوامەکانیاندا بۆ پاراستنی تەندروستی گشتی، لە ناوچەی عەربەت لەسەر چەمی تانجەرۆ، سەردانی کێڵگەیەکی کشتوکاڵییان کرد کە بەرهەمی برنجی تێدا چێندراوە.

بابان ئەحمەد سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی  رایگەیاندووە، “دوای ئەوەی زانیاریمان پێگەیشت لەسەر بوونی کێڵگەیەکی برنج لە سنووری عەربەت لەسەر چەمی تانجەرۆ، دەستبەجێ تیمەکانمان سەردانی شوێنەکەیان کرد، چونکە گومانی ئەوە دەکرێت ئەم بەرهەمە بە ئاوی قورس (ئاوەڕۆ)  ئاودرابێت، کە ئەمەش مەترسی بۆ سەر تەندروستی هاوڵاتیان هەیە’.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا رێکاری پێویست گیراوەتەبەر و لەلایەن تیمێکی تایبەتمەندی نموونە (سامپڵ) لە برنجەکە وەرگیراوە بۆ ئەوەی لە تاقیگە پشکنینی وردی بۆ بکرێت.

بابان ئەحمەد دەشڵێت، بەهیچ شێوەیەک رێگە نادەن بەرهەمێک بخرێتە بازاڕەوە کە زیان بە تەندروستی هاوڵاتیان بگەیەنێت، بۆیە چاوەڕێی ئەنجامی پشکنینەکان دەکەن، ئەگەر دەرکەوت برنجەکە لە پشکنین دەرنەچووە و گونجاو نییە بۆ خواردن، ئەوا بڕیاری لەناوبردنی تەواوی بەرهەمی کێڵگەکە دەدرێت و خاوەنەکەشی رووبەڕووی رێکاری توندی یاسایی دەکرێتەوە.