چاوەڕوانی کۆتایی دێت

نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست: ئەم هەفتەیە مووچە دابەش دەکرێت

کوردستان جەلال

چاوەڕوانی کۆتایی دێت، مامۆستا و فەرمانبەرانی گرێبەستیش وەک مووچەخۆرانی دیکە مووچەکەیان وەردەگرن.

عەلی رەئوف، نوێنەری گشتیی مامۆستایانی گرێبەست بە 964ـی وت، “قسەمان لەگەڵ وەزارەتەکانی دارایی و پەروەردە کردووە بە ئێمە وتراوە ئەم هەفتەیە مووچەی مامۆستا و فەرمانبەرانی گرێبەست پێکەوە دابەش دەکرێت، بەڵام رۆژەکە دیاری نەکراوە”.

لەبارەی هۆکاری دواکەوتنی دابەشکردنی مووچە، عەلی رەئوف، نوێنەری گشتیی مامۆستایانی گرێبەست وتی، “بەرپرسان دەڵێن حکومەتی عێراقی 120 ملیار دینار لە پارەی تەرخانکراو بۆ مووچە دەبڕێت، بەڵام ئێمە متمانەمان بەو قسەیە نییە، چونکە داهاتی هەرێم زۆر لەوە زیاترە”.

دوای ئەوەی مووچەی مانگی رابردووی سەرجەم فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابەشکرا، تاوەکو ئێستا گرێبەستان چاوەڕێن ئەوانیش مووچەی خۆیان پێبدرێت.