ئەوە دووەمجارە کۆبوونەوەکە دوادەخەن
دیاریکردنی پارێزگارێکی تورکمان بۆ کەرکوک کەوتە سبەینێ
کاروان ساڵحی – کەرکوک
کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بۆ دانانی پارێزگارێکی تورکمان بۆ سبەینێ دواخرا.
بڕیاڕبوو کاتژمێری چواری ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 11.11.2026 ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بۆ دیاریکردنی پارێزگارێکی تورکمان کۆببێتەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە دواخرا بۆ کاتژمێر 8:00ـی ئەمشەو، کەمێک پێش ئێستا سەعدون سوڵتان بەرپرسی راگەیاندنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە 964ـی وت، کۆبوونەوەکە جارێکی دیکە دواخراوە و قەول وایە سبەی پێنجشەممە 12.11.2026 ئەنجام بدرێت.
بەقسەی سەعدون سوڵتان، بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، دوو کەس لەناو بەرەی تورکمان بەربژێرکراون کە ئەوانیش ماردین کۆک کایا و قەحتان وەنداوین.
بەپێی رێککەوتنی پێکهاتەکانی کەرکوک، پشکی پارێزگار بۆ بەرەی تورکمانە تاوەکوو سەری ساڵی نوێ، دوای ئەوەی محەمەد سەمعان پارێزگاری کەرکوک بوو بە وەزیری دەوڵەت، ئەوا 27 رۆژە، کەرکوک بێ پارێزگارە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری