ئەوە دووەمجارە کۆبوونەوەکە دوادەخەن
دیاریکردنی پارێزگارێکی تورکمان بۆ کەرکوک کەوتە سبەینێ
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بۆ دانانی پارێزگارێکی تورکمان بۆ سبەینێ دواخرا.
بڕیاڕبوو کاتژمێری چواری ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 11.11.2026 ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بۆ دیاریکردنی پارێزگارێکی تورکمان کۆببێتەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە دواخرا بۆ کاتژمێر 8:00ـی ئەمشەو، کەمێک پێش ئێستا سەعدون سوڵتان بەرپرسی راگەیاندنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە 964ـی وت، کۆبوونەوەکە جارێکی دیکە دواخراوە و قەول وایە سبەی پێنجشەممە 12.11.2026 ئەنجام بدرێت.
بەقسەی سەعدون سوڵتان، بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، دوو کەس لەناو بەرەی تورکمان بەربژێرکراون کە ئەوانیش ماردین کۆک کایا و قەحتان وەنداوین.
دوای ئەوەی محەمەد سەمعان پارێزگاری کەرکوک بوو بە وەزیری دەوڵەت، بۆماوەی 27 رۆژ شاری کەرکوک بێ پارێزگارە بەو پێیەی لەپشکی تورکمانە بە پێی رێکەوتنی نێوان پێکهاتەکانی تاوەکو سەری ساڵی نوێ.