بەپێی راپۆرتێک ئەمریکا تاوتوێی بەکارهێنانی "دایکی بۆمبەکان" بۆ هێرشکردنەسەر ئێران دەکات – وێنە؛ میدیای ئەمریکا
چەند کاربەدەستێکی باڵا ئاشکرایان کردووە
“ئەمریکا تاوتوێی بەکارهێنانی “دایکی بۆمبەکان” بۆ هێرشکردنەسەر ئێران دەکات”
شۆڕش قادری
بەپێی راپۆرتێکی سی ئێن ئێن ئەمریکا تاوتوێی بەکارهێنانی “دایکی بۆمبەکان” بۆ هێرشکردنەسەر ئێران دەکات.
کەناڵی سی ئێن ئێن لەزاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکاوە بڵاویکردووەتەوە کە لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر ئێران، رەنگە کەڵک لە “دایکی بۆمبەکان” بۆ لێدان لە ژێرخانی وزە و دامەزراوە ئەتۆمییەکان وەربگیرێت.
بۆمبی GBU-43/B کە بە “دایکی بۆمبەکان” ناسراوە، یەکێکە لە وێرانکەرترین و گەورەترین بۆمبەکانی سوپای ئەمریکا، بۆمبێکی ئەتۆمیی نییە بەڵام لە هەر شوێنێک بدرێ، کاولی دەکات.
بەپێی راپۆرتەکەی سی ئێن ئێن، بەکارهێنانی ئەو بۆمبە یەکێکە لە بژاردەکانی ئەمریکا بۆ هێرشکردنەسەر ئێران، بەڵام بڕیاری کۆتایی دەستپێکردنەوەی هێرشەکان تەنیا لەدەستی دۆناڵد ترەمپ دایە و دەبێ ئەو یەکلایی بکاتەوە، لە ئەگەری بەرکارهێنانی ئەو جۆرە بۆمبەش، رەنگە شەڕ و ئاڵۆزییەکان بتەقنەوە و زیاتر پەرەبسەنن.