لە سلێمانی
شارەوانیی دوو هۆڵی پرسە بێبەرامبەر دابین دەکات
ئەحمەد مستەفا
شارەوانی سلێمانی دوو هۆڵی تایبەت بە پرسە و بۆنەکانی لە گەڕەکەکانی بەختیاری و چوارباخ ئامادە کردووە و بە تەواوی و بێبەرامبەر خستییە بەردەستی هاوڵاتییان.
بەپێی راگەیاندراوی شارەوانی، هەردوو هۆڵەکە بە پێداویستییە سەرەکییەکان و سیستمی گەرمی و ساردی دابین کراون، بۆ ئەوەی هاوڵاتییان بتوانن لە جیاتی دانانی خێمە لەسەر شەقام و کۆڵانەکان، سوود لەم شوێنانە وەربگرن.
ئامانج لەم هەنگاوە، کەمکردنەوەی ئاستەنگ بۆ هاتوچۆی ئۆتۆمبێل و پیادەڕەوان، هەروەها کەمکردنەوەی تێچووی دانانی خێمە و پێداویستییەکانی بۆ خێزانەکانە.
شارەوانی دەڵێ، ئەم هۆڵانە شوێنێکی گونجاو و ئارام بۆ بەڕێوەبردنی بۆنەکان لە وەرزی زستان و هاویندا دابین دەکەن و بەشێکن لە پەرەپێدانی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بۆ هاوڵاتییان.